دەقی پەیامی دەستەی ژینگە لەڕۆژی جیھانیی ژینگەدا...

ئەمڕۆ٥ی حوزەیران ژینگەدۆستان بەگشتی یادی رۆژی جیھانیی ژینگە بەرز رادەگڕن، لەپێناوی بەزاندنی پیسبوون بەپلاستیک و، دانانی سنوورێک بۆ دروستکردن و بەکارھێنانی لەڕێگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و سەرنج ڕاکێشانی دروستکارانی بڕیار بۆ بایەخ پێدانێکی باشترو کاریگەرتر بە ژینگەو پێکھێنەرەکانی و ، بۆ برەودان بەڕۆڵی تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە بەرەو گۆڕینی ھەڵوێستەکان بە ئاراستەی پاراستن‌و چاککردنی ژینگەو، دروستکردنی ھەستێکی ژینگەدۆستیی لای ھاوڵاتیان.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبواری ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان ، بەپێویستی زانییوە چەمکی ژینگەپارێزیی لەدروشمەوە بەرەو ھەنگاوی کرداریی ببات ، بۆیە بۆ ئەو دروشمەی ئەم ساڵی رۆژی جیھانیی ژینگەش کە بریتییە لە دانانی سنوورێک بۆ پیسبوونی پلاستیکی ، دەستەی ژینگە پێش سێ ساڵ لەمەوبەر بەنوسراوی فەرمی بەدروشمی (با لەخۆمانەوە دەست پێبکەین) ئەم ھەنگاوانەی لای خوارەوەی نا:

یەکەم: لەرێکەوتی ٢٢/٩/٢٠٢٠ نوسراوێکی فەرمیمان بۆ وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی نارد بۆ ناردنەوەی مەوادو خۆراکی ماوەبەسەرچوو بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی ھاتووە ، بۆ ئەوەی ئەو ماددە پلاستیکییانە لەسەر زەوی ئێمە نەسوتێنرێت و ، نەشخرێتە ژێر خاکی ئێمە.
دووەم: بەنوسراوی فەرمی لەرێکەوتی ٢٣/٩/٢٠٢٠ بەکارھێنانی دەبەی پلاستیکیی (ئاو)مان لەدیوانی دەستەو فەرمانگەکانی ژینگەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان قەدەغە ‌کرد ، بەسوود وەرگرتن لەئاوی خاوێنی ئاسایی لەساردکەرەوەکانداو ، بەکارھێنانی پەرداخی کارتۆن.
سێیەم: لەڕێگەی فەرمانگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و راگەیاندن و ھۆبەکانی ھۆشیاریی لەپارێزگاو ئیدارەکان چەندین پێشانگامان کردۆتەوە بۆ پیشاندانی ئەو کەرەستانەی کە  لەدووبارە بەکارھێنانەوەی پاشماوەکان دروستکراون.

چوارەم: لەگەڵ خاتوو گەلاوێژ بایز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئیکۆ ڤیتاڵ  بەھاوکاری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاو وەزارەتی ژینگەی عێراق و فەرمانگەی ژینگەی ھەولێر یەک ملیۆن زەرفی کاغەز بەسەر نانەواخانەکانی ھەولێردا دابەش کرا بۆ ئاگاداربوون لەمەترسییەکانی کیسەی نایلۆن.
پێنجەم : فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی لەدەستەی ژینگە لەچوارچێوەی رێنماییە بەرکارەکاندا پشتگیریی دامەزراندنی پرَۆژەکانی ریسایکلینی کردووە کە داوای رەزامەندیی ژینگەییان کردووە.
شەشەم : لەسەر ئاستی ھۆشیاریی پەروەردەییدا ، فەرمانگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و راگەیاندن لەدەستەی ژینگەو لەھۆبەکانی ھۆشیاریی لەپارێزگاو ئیدارەکان دەیان سیمیناریان لەخویندنگاو قوتابخانەکاندا ئەنجام داوە.

حەوتەم : لەئاستی ھۆشیاریی جەماوەریشدا دەستەی ژینگەو فەرمانگەکانی بەشدار بوون لەچەندین بەرنامەی ھۆشیارکردنەوە بەزیانەکانی پلاستیک لەکەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندندا.

ھەشتەم : لەرێکەوتی ٤/٤/٢٠٢٣ سەرۆکی دەستەی ژینگە سەردانی بۆ لای بەڕێز وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستانی کرد بەمەبەستی داواتکردنی بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەبۆنەی رۆژی ژینگەی کوردستاندا بۆ باسکردن لەبارەی زیانەکانی پلاستیکەوە.

نۆیەم : لەرێکەوتی ١٦/٤/٢٠٢٣ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستانمان بەمیواندارییکردنی بەڕێز وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەکان بۆ کەمکردنەوەی ھاوردەکردن و بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی کیسەی نایلۆن و کەرەستەی زیانبەخشی پلاستیکی تەرخان کرد.

دەیەم : ئەمڕۆش ٥/٦/٢٠٢٣ لەھەمان بۆنەدا لەشاری دھۆک دەستەی ژینگە بەھەماھەنگیی لەگەڵ (یەکێتی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی ژینگەو کەش وھەوا) ، بەھاوکاری (زانکۆی دھۆک) لەدوو پانێڵدا باس و توێژینەوەکانی تایبەت بەپیسبوونی پلاستیکی دەخرێنە روو.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە
٥/٦/٢٠٢٣