بەهۆی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی پاکستان، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 170 کەس گیانیان لەدەستداوە و هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریش کەوتەخوارەوە.
دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتیەکان لە پاکستان رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی شەپۆلی باران بارینی بەهێز و دروستبوونی لافاوی لەناکاو و رۆچونی زەویەوە لە باکوریی پاکستان 110 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە هەرێمی کشمیر 67 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زۆربەی قوربانیان لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوای تۆمارکراون کە ناوچەیەکی شاخاوی سەختە، بەهۆیەوە 43 کەس گیانیان لەدەستداوە.
عەلی گەنداپور پارێزگاری خەیبەر پەختونخوا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی جۆری MI-17ی حکومەت، کە پێداویستی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەڵگرتبوو، بەهۆی خراپی کەشوهەوا لە ناوچەی پاندیالی کەوتوەتەخوارەوە و بەهۆیەوە پێنج ئەندامی تیمی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی بارانی وەرزیەوە لە پاکستان، زیاتر لە 320 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان منداڵن، بەشێکی زۆریشیان بەهۆی داڕمانی خانوو، لافاو، بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.