سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی وەفدی ھەرێم و بەغداد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی وەفدی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی فەرمانبەرانی ھەرێم بێئەنجام بووەو نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
وتیشی، ھەرێم و بەغداد لەسەر بابەتی داھاتە ناوخۆیی و فیدراڵییەکان ناکۆکن و ئەو ژمارانەی لەبارەی داھاتەوە دراون بە بەغداد ژمارەی گەورەن و نەک ھەر مووچەی فەرمانبەران نانێردرێت، بەڵکو لەسەریشی قەرزدار دەبێت.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدی ھەرێم بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕاوەنەتەوە و ئەگەر دەستوەردانی سیاسی نەکرێت ئەستەمە رێککەوتن بکرێت.
لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ناکۆکی قوڵ لەسەر کرێی کۆمپانیاکانی نەوت و داھاتە نانەوتییەکان لەنێوان ھەرێم و بەغداد دروستبووە و بەغداد داوای تەواوی داھاتە نانەوتییەکان دەکات و ھەرێمیش ئامادەنیە رادەستی بکات، بۆیە بەغداد دەیەوێت مانگانە تەنھا ٥٩٨ ملیار دینار بۆ مووچە بنرێت و ھەرێم بە داھاتی ناوخۆ ئەو کورتھێنانە پڕبکاتەوە، بەڵام ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو داوای پشکی تەواوەتی خۆی دەکات کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە.
د. سیروان محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵی رابردوو کاتێک نەخۆشی کۆلێرا بڵاوبووەوە، تەندروستی گەرمیان ھەرزوو توانی حاڵەتە سەرەتاییەکانی کۆلێرا دەستنیشانبکات و رێنمایی و چارەسەر بۆ تووشبووان و خۆپارێزی خێزانیان دابینبکات، بەو کارەش گەرمیان پارێزرا لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستاش کە پەتای سکچوون روو لە ھەڵکشانەو لە سلێمانیش ژمارەیەک تووشبوو تۆمارکراون، داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن کاتێک لە سلێمانی دەگەڕێنەوە و سکچونیان ھەیە، راستەوخۆ لە دەزگاکانی تەندروستیدا پشکنینی پێویست ئەنجام بدەن و ھاوکاربن لە رێگری بڵاوبونەوەی لە گەرمیان.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گەرمیان ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ تووشی کۆلێرابووە، بەڵام لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە و لە چوارچێوەی ئەو ١٠ حاڵەتدایە کە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.
جۆن ھاریس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەرچەندە ھیچ وادەیەک دیارینەکراوە، بەڵام ئەوان تائێستاش باوەڕیانوایە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کاتییە و حکومەتی ھەرێم دەتوانێت پابەندبێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی تەممووزدا لە کێڵگەی شێخان دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت کردووەتەوە و رۆژانە ٢٣ ھەزار و ١٠٠ بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەرھەمدەھێنن، ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە نزیکەی ٣٠ دۆلار دەفرۆشن.
پێشتریش کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایانگەیاندبوو، زیانەکانی راگرتنی نەوتی ھەرێم لە پێنج مانگی رابردوودا گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار، ھۆشداریشیان دابوو کە بەبێ گەرەنتی یاسایی و دارایی لەلایەن حکومەتی ھەرێم و عێراقەوە، ئامادەنین جارێکی دیکە دەست بە ھەناردەی نەوتی کوردستان بکەنەوە.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
شەھیدی سەرکردە کاک ئازاد ھەورامی، ناوێکی دیار و درەوشاوەی مێژووی پڕ لە شانازیی یەکێتی و نموونەی تێکۆشان و پاکێتی و دڵسۆزییە لەپێناو خاکی کوردستان.
ئەمڕۆ کە ٣٥ ساڵ بەسەر شەھیدبوونی کاک ئازاد ھەورامیی خەباتگێڕ و رۆشنبیردا تێدەپەڕێت، بەڕێزەوە یادی ئەو سەرکردە پاک و دڵسۆزە دەکەینەوە و سەری رێزمان لەبەردەم مێژووی پڕ لە تێکۆشانیدا دادەنەوێنین.
دروود بۆ گیانی پاکی کاک ئازاد ھەورامی و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز زانیاری لە لێپرسراوانی پارێزگای ھەڵەبجە دەستکەوتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوای چەند نوسراو و زانیارییەکی لە پارێزگای ھەڵەبجە کردووە بە مەبەستی گرتنەبەری رێکارەکانی تایبەت بە ناساندنی مەرزی سازان وەک دەروازەیەکی بازرگانی لە نێوان ھەڵەبجە و کرماشان.
ناساندنی مەرزی سازان بە دەروازەیەکی بازرگانی لەنێوان پارێزگای ھەڵەبجە و پارێزگای کرماشان یەکێک بووە لە داواکارییەکانی ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە، بەھۆی ئەوەی ئەگەر ئەگەر مەرزی سازان بکرێتە دەروازەیەکی بازرگانی کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر بوژانەوەی ئابوری پارێزگای ھەڵەبجە.
بەوتەی لێپرسراوانی پارێزگای ھەڵەبجە مەرزی سازان کە تائێستا بەفەرمیش نەکراوەتەوە، داھاتەکەی لە زۆربەی مەرزەکانی دیکە زیاترە و بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەکەش چاوەڕێی رێکارە کارگێڕییەکانن.
کەشناسیی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان ھەرێمی کوردستان پەڵەھەور بۆ نیمچە دەبێت و ئەگەری نمەبارانێکی کەم ھەیە لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکووری رۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان.
کەشناسی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران نزمترین پلەی گەرما " ٢٧" پلەی سیلیزی تۆماردەکرێت و لە کەرکوکیش بەرزترین پلە تۆماردەکرێت کە ٤١ پلەیە.
رۆژی سێشەممەش ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی سلێمانی، وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو لە ھەرێم باشتر دەبێت.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای دەستگیرکردنی (ئەحمەد خەبیل) ناسراو بە (ئەبوخەولە) فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات، لەچەند گوندێک چەکدارانی سەر بە ھۆزەکان پەلاماری ھێزەکانی سوریای دیموکراتیان داوە و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھەردوولا سێ ھاووڵاتی مەدەنی و ١٦ چەکداری ھۆزەکان و سێ شەڕڤانی ھەسەدە کوژراون.
ھەسەدە رۆژی سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رووداوی دەستگیرکردنی ئەبو خەولە بدات رایگەیاندووە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە دێرەزوور ھەڵمەتی بەھێزکردنی ئاسایش لە دژی تیرۆریستانی داعش و تێوەگلاوان لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەر و سودمەند لە قاچاخچێتی چەک بەردەوامە.
ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور سەر بە ھێزەکانی سوریای دیموکراتە و ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەی پێسپێردراوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ھەسەدەدان، بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆییش دەستگیرکردنی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور بەھۆی گەندەڵی و تێوەگلانی بووە لە بەقاچاغبردنی نەوت.
رەنج پشدەری، رۆژنامەنووس بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سێ رۆژە زیاتر لە ٧٠ کۆچبەر کە ٦٠یان کوردن و ١١ یان خەڵکی ئێرانن لە ئاوی سێ پەنجە گیریانخواردووە و بەھۆی شەپۆلی زۆری دەریاوە نەیانتوانیوە لە گەشتەکەیان بەردەوام بن. وتیشی، ژن و منداڵ لە نێو کۆچبەرەکاندا ھەیە و لە تورکیاوە گەشتەکەیان دەستپێکردووە.
بە پێی زانیارییەکانی رەنج پشدەری، کۆچبەرەکان خەڵکی رانیە و قەڵادزێ و ھەولێرن و داوای بەھاناوەچوون دەکەن.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە و نەخۆشی کۆلێرا، لەسەر بڕیاری د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، تیمێکی وەزارەتی تەندروستی گەیشتە پارێزگای سلێمانی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمەکەی وەزارەتی تەندروستی لە سلێمانی بەدواداچوون بۆ زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکانی سکچوون دەکەن، لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و گرتنەبەری رێککارەکانی پەتازانی و چارەسەری و دەستنیشانکردنی ھۆکارەکانی تووشبوون.
پێشتر، د.رزگارعەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە پێنج ھەزار حاڵەتی سکچوون و رشانەوە لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە و گومانی نەخۆشی کۆلێرای لێدەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردسات نیوز چەند رۆژێکە حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە بەرێژەیەکی بەرچاو لە سلێمانی زیادیکردووە و بەرپرسانی تەندروستی شارەکە دەڵێن، ئەگەر ئەنجامی پشکنیی توشبووەکان دەربکەوێت کۆلێرایە ئەوا رێککاری توندتر دەگرنەبەر.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھاووڵاتییەک کە رەگەزی نێرە و دانیشتووی دوکانە، کەوتووەتە زێی دوکان و خنکاوە و تائێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
ھاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاغجەلەر و تەقتەق و چەند تیمێکی غەواس لە ھەوڵی دۆزینەوەی تەرمی "شەھرام فەھمی" تەمەن ھەشت ساڵانن کە رۆژی سێشەممە لە سەیرانگای بۆگدی سەر بەناحیەی ئاشتی لەسنوری کۆیە خنکا کە لەگەڵ خێزانەکەی بە مەبەستی گەشت و سەیران چووبوونە ئەو سەیرانگایە کەوتە ناو ئاوی سەیرانگاکەوە و شەپۆلی ئاوەکەش منداڵەکەی بەرەو گۆپتەپە راپێچ کردووە.
قائیمقامیەتی ھەڵەبجە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی رابردوودا سکاڵایەکی زۆری ھاوڵاتییان گەیشتووە بە نوخشە ناسیح قائیمقامی ھەڵەبجە، سەبارەت بە کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی ھەڵەبجە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ نوخشە ناسیح قائیمقامی ھەڵەبجە سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەکەدا قائیمقامی ھەڵەبجە داوای لە عەقید سالار سەردار بەڕێوەبەری پاسپۆڕتی ھەڵەبجە کردووە، پێکەوە لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانی ھاوڵاتییان بگرن، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە دوور لە ھەموو دیسپلینێکی سەربازی رەتیکردووەتەوە و ھەوڵیداوە پشێوی دروستبکات، سەرەنجام گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە.
بەپێی روونکردنەوەکە، قائیمقامی ھەڵەبجە پارێزگار و سەروخۆی لەو رووداوەی پاسپۆڕتی ھەڵەبجە ئاگادارکردووەتەوە و داوای لێپرسینەوەش لەو بەڕێوەبەرە دەکات، کە کەمتەرخەم بووە بەرامبەر ھاوڵاتییان و ئەرکەکەی.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک، چۆمان و رانیە و حاجی ئۆمەران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستان بارانباری، لە پارێزگای ھەولێر بارانی بەخوڕ باری و لەچەند ناوچەیەکی ئەو پارێزگایەش تەرزە باری، لە قەزای چۆمانیش، لەکاتی بارانبارینەکە پلەکانی گەرما بۆ ٢٥ پلەی سیلیزی دابەزین.
ھاوکات کەشناسی ھەرێمی کوردستان بڕی بارانبارینی لە ناوچە جیا جیاکانی ھەرێم بڵاوکردەوە، کە لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا زۆرترین بڕی باران لە بارزان باریوە کە ٣.٢ ملمە و لە دوای ئەویش لە دەربەندیخان ١.٤ ملم و لە گردەسێن ١.٣ ملم و لە دوکان ١.٢ ملم بارانباریوە و لەچەند ناوچەیەکی دیکەش بە بڕی کەمتر بارانباریوە.
دەقی راگەیەندراوکە...
راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی خیانەتی مێژوویی ٣١ ی ئابی ١٩٩٦
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگھێشت و بە چاوساغی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ، ھێزەکانی گاردی کۆماریی رژێمی دیکتاتۆری بەعس شاری ھەولێری پایتەختی کوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەکانی وڵاتەکەمانیان داگیرکرد وزیانێکی کوشندەو جەرگبڕیان لەماناکانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دا کەھەرگیزاو ھەرگیز لە بیر ناچنەوە.
ھەمووی پێنج ساڵ بوو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەسەر زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕیبوون و بەشێکی خاکی نیشمانیان لە چنگ دەرھێنابوون، کەچی پارتی بە بیانووی پڕوپوچی تێکچوونی بەڵانسی ھێزەکان لە شەڕی ناوخۆ، جارێکی ترئەو سوپای ئەنفال و کیمیابارانەیان ھێنایەوە سەر خاکی کوردستان و شاری ھەولێر، کە لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و تێکۆشەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی شەھید وبرینداربوون، سەدانیان بەدیل گیران و بێسەروو شوێن کران و دەبابەکانی ئەوسوپا شۆڤێنییە شکۆی پارلەمانی ھەلبژێردراوی خەڵکی کوردستانیان شکاند و ئەزموونەکەمانیان، لەسەرەتای پێکھاتنییەوە، لە کەدارکرد.
ھەرچەندە ئەم خیانەتە وەک زۆر ناپاکی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەکەماندا پەڵەیەکی ڕەشی قەترانییە و بەسەدان پاکانەی خیتابی ئیعلامی وکتێبی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەکاری رووداوەکان ناسڕدرێتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھێزە سیاسییە دەربەستەکانی کوردستان، پاڵپشت بەو ئومێدەی بە ئایندەی گەلەکەمان و رەوایی و مەسەلەی کورد ھەیانە، پاڵپشت بەوەی ناکرێت پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمان لە شوێنێکدا چەق ببەستێت و پەکی بخرێت، بۆیە تێکڕا قەدەری باشتری ئاشتی و پێکھاتنەوەیان ھەڵبژارد و بەسەر برینی ناپاکی و خیانەتدا بازیان دا و ھەوڵیان خستەگەر بۆ پاراستنی ئەوی ماوە لە شکۆی ئەزموونی نەتەوەکەمان، لاپەڕەیەکی تازەیان بۆ ئاشتی و تێھەڵچوونەوەی خەباتی دیموکراتی ھەڵدایەوە. روخانی سوپای رژێمی ھاوکاری کارەساتی سی ویەکی ئاب لە پرۆسەی ئازادی وھەروەھا ھەرچی دەسکەوتی گەلەکەمان ھەیە، لەدانپیانانی دەستووریی بە ھەرێمی کوردستان و سیستمی فیدڕاڵی بەرھەمی دانبەخۆداگرتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەرۆشی نیشتمانپەروەرانەیە
بۆ دوارۆژی کوردایەتی و سەروەری کوردستان .
بەڵام بە داخەوە ئەو ھێزەی بەرپرسە لە خیانەتی ٣١ ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە رووداوەکانی مێژوو، لەسەر ھەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەھەمان نەفەسی تەسکی بەرژەوەندی پارتێتیەوە،ئاگری ناکۆکی و ناپاکی خۆش دەکات کە دیارە بەھەڵە لە دانبەخۆداگرتن و سەبری ھوشیارانەی دەربەستانی ئایندەی کوردستان تێگەیشتووە، بۆیە وا ئێستاش بە تۆمەت داتاشین و تەشھیری بێبنەما بۆ ھێزە نیشتمانپەروەرەکان، لەسەرووی ھەمووشیانەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یادەوەری تیژی مێژوو تاقیدەکاتەوە ، پارە و پاوەر و تەزویری میدیایی بێ شوماری بۆ ئەم چەواشەکارییە خستۆتەگەڕ، لە جیاتی ئەوەی ھەوڵبدات بە یەکجاری برینەکانی مێژووی خیانەت سارێژ بکات و بە سیاسەتی دروستی کوردستانی و نەتەوەیی ئەو لاپەڕە رەشە لە مێژووی خۆی و کوردستان بسڕێتەوە، کەچی ھەمیشە لە ھەوڵی شەرعیەتپێدانی چەواشەکارانەی ئەو خیانەتەدایە و بێ باکانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی و ئایندەی گەلەکەمان دەکات.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لەم یادە تاڵەدا ئێمە ھەمیشە لە بری کینە بەخشینەوە و تۆڵە کردنەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەکانی ئەو کارەساتە نەتەوەییە و گشت کارەساتەکان بە یەکجاری بسڕینەوە و بە پەرۆشەوە پێداگیری لەوە دەکەین کە ویستی خۆسەپاندن وەلا بنرێ و بژاردەی راستکردنەوەی پرۆسەی حوکمڕانی و دیموکراسی و دادپەروەری راستەقینە لە کوردستاندا بچەسپێنرێت . بۆ ئەم سیاسەتە نیشتمانییە دروستە بە ئاگاییەوە ئامادەی خەبات و قوربانیدانین، بێ ئەوەی لە مێژووی رەشی ئابی ١٩٩٦ و کەموکوڕییەکانی تر غافڵ بین.
لەیادی ئەو رۆژە ڕەشە و بۆ یادی ھەموو شەھید و قوربانیانی گەلەکەمان، سڵاو لە سەرجەم شەھیدە قارەمان و سەربەرزەکانی گەلەکەمان بەتایبەتی شەھیدە سەربەرزەکانی موقاوەمەتی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، لە رۆژی رەشی ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ دا .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
دەقی راگەیاندراوەکەی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
راگەیەندراوێک لە مەڵبەندی ٦ی سۆرانەوە بە بۆنەی (٢٧) ەمین ساڵەی خیانەتی گەورەی ٣١ی ئاب
٣١ی ئاب گەورەترین خیانەتی مێژووییە لە خەباتی سیاسیی و حکومڕانیی نوێی کوردو کوردستاندا…
بیست و حەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ولە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ لایەنێکی سیاسی کوردستان، گەورەترین خیانەتی مێژوویی لە دیرۆکی خەباتی سیاسی و حکومڕانی نوێدا ئەنجامدا، دژ بە گەلی کوردو بەرەی نەتەوەیی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لەو رۆژەدا پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ سەرسەخترین دوژمنی کورد کردو ھێزەکانی رژێمی دیکتاتۆریی بەعسی فاشییان ھێنایەوە خاکی کوردستان و یەکەمین ئەزموونی نوێی سیاسیی و حوکمرانیی کوردەواریی، کە بە خوێنی ھەزاران رۆڵەی شەھیدی قارەمانی رێگای رزگاریی و ئازادیی نیشتمان بونیاد نرابوو، خستەوە ژێر پۆستاڵی بەعسییەکان و ھەولێری پایتەختییان داگیرکردو ئاڵای عێراقی رژێمی سەدامی دیکتاتۆریان لەسەر باڵەخانەی پارلەمانی کوردستان ھەڵکرد.
خیانەتی (٣١ی ئاب) کە درێژکراوەی خیانەتە بەردەوامەکانی پارتی بوو، لە تۆماری دەفتەری مێژووی شۆڕشەکانی کوردو تێکۆشانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و خەباتی راستەقینەی رەوای گەلی کوردستاندا، وەک کارەساتێکی گەورەی نیشتمانیی و مێژوویی بۆ ھەتا ھەتایە باسی لێوە دەکرێت و بۆتە پەڵەیەکی رەشیش بە تەوێڵی بکەرانییەوە، بۆیە ئەو خیانەتە گەورەیە بۆ ھەمیشە لە بیرەوەریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی رێگای رزگاری کوردایەتی،وەک زەبرێکی دەروونیی تاڵ و کارەساتێکی سیاسییی و نیشتمانیی لە یاد نەکراو دەمێنێتەوەو لە بیری نەوەکانیشمان ناچێتەوە.
لەو یادو بۆنە کارەساتبارەدا، سەری رێزو وەفاداری خۆمان لە ئاست گیانفیدایی پارێزەرانی خاک و وڵات و تەواوی شەھیدان و ھاووڵاتیان و کادیران و فەرماندەو پێشمەرگە بێ سەرو شوێنکراوەکانی ئەوێ رۆژێی بەرگری لە خاکی نیشتمان و ھەولێری پایتەختی کوردستان دادەنوێنین، شکۆمەندی بۆ تێکۆشەران و رێبوارانی رێگای خەباتی راستەقینەی کوردایەتی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، شەرمەزاریی و سەر شۆڕیی بۆ بکەران و خۆفرۆشان و داگیرکەرانی کوردستان.
ھەر شەکاوە بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان
مــــەڵـــبــەنــدی ٦ی ســـــۆران
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ..
٣١ی ئابی ٢٠٢٣
شەوی سێشەممە، لە بەرنامەی فایل و دیاردەدا، ئەڵوەن محەمەد، لێپرسراوی بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، توانیویانە 100 هەزار دۆلار بۆ ئەو قوربانییانە بگەڕێننەوە کە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت لە سۆشیاڵ میدیا هەڕەشەیان لێکراوە.
هەر لە بەرنامەکەدا چەند قوربانییەکی دیکەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، چیرۆکی خۆیان باس کرد و رایانگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەنایان بردووەتە بەر ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی و کێشەکانیان بۆ چارەسەر کراوە.
لەپاش ئەو بەرنامەیەی فایل و دیاردە، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن، هەرکەسێک هەڕەشەی لێکرا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت لە سۆشیاڵ میدیا، دەتوانێت پەیوەندی بکات بەو ژمارە تەلەفونەوە.
بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ لە شاری ئالێن، لە تەکساس چوار ئەندامی خێزانێک کە پێکھاتبوون لە دوو ھاوسەر و دوو منداڵەکەیان بە کوژراوی لە لایەن پۆلیسی شارەکەوە دۆزراونەتەوە.
پۆلیسی شارەکە رایگەیاندووە، کە پێدەچێت روداوەکە خۆکوژی بێت.
کۆمەڵەی ئیسلامی ئالن کە سەرەتا ناسنامەی ئەو چوار ئەندامەی خێزانەکەی ئاشکرا کردووە، ڕایگەیاندووە، کچێکی تەمەن چوار ساڵی خێزانەکە سێ ھەفتە لەمەوبەر لە مەلەوانگەیەکدا خنکاوە، پۆلیسی شارەکەش خنکانی کچی ماڵەکە بە ھۆکاری رووداوەکە دەزانێت.
سەرۆکی خێزانەکە ناوی فەرمان شێروانیە و ھاوسەرەکەی ناوی لەیلا شێروانییە، کوڕەکانیشیان مەتین شێروانی تەمەن ٢ ساڵ و شاھین شێروانی تەمەن ١٢ ساڵن.