کوردستانکوردستان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش ٢٠٢٣/١١/٢٧ لە شاری کەلار ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر، لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان، تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتن و ڕوبەڕووبونەوەی چەکداریاندا.

راشیگەیاند، هێزەکانی ئاسایش توانیان بەزوترین کات هەرسێ تۆمەتبار دەستگیربکەن و یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکرا و دەستبەسەر سەرجەم ئەو ماددە هۆشبەرانەدا گیرا کەبەنیازبوون بازرگانی پێوەبکەن، بڕەکەی پێکهاتبوو لە یەک کیلۆگرام ماددەکانی کریستاڵ و حەشیش .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بۆ سەر کار و ئەرکەکەی لە وەزارەت، ھەنگاوێکی دروست و گرنگە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی باشتری پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، رەوشی ھەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکان لە عێراق و ناوچەکە بەگشتی وا دەخوازێت لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، تەبایی و یەکڕیزیی نێوانیان پتەوتر بکەن و بگەنە لێکگەیشتنی ھاوبەش بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، لەو پێناوەشدا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵ و کۆششی بەردەوامدا دەبن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دوای چەندین بەدواداچوونی ورد و ئاڕاستەکردنی نووسراو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری ناوخۆ، کە داوایانکردەوە لەسەر پارستنی ھاوسەنگیی نێوان پێکھاتەکان لە دامەزراندنی پۆلیسی کەرکوک، لە ئێستادا ھەوڵەکانیان بە ئەنجام گەیشتووە و توانیویانە ھاوسەنگی لە دامەزراندنی پۆلیس بە گریبەست بپارێزرێت.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، وەک ھەمیشە سووردەبن لەسەر پارستنی مافەکانیان و پێشێلکاریی لە ھیچ لایەک قبوڵناکەن.

لە ١٤ی ئەیلولی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزراندنی ٣٧ ھەزار پۆلیسی لە پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، لەو ژمارەیەش دوو ھەزار و ٥٥٠ پۆلیسی پشکی پارێزگای کەرکوکە، لە قۆناغی یەکەمی دامەزراندنەکەدا ٨٣٨ کەس دامەزرێنران کە ٦٢٣ کەسیان لە پێکھاتەی عەرەب و ١٤٣ کەسیان کورد و ٧٢ کەس لە پێکھاتەی تورکمان بوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی وەفدی ھەرێم و بەغداد، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدی ھەرێم نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی و حکومەتی عێراق سێ قەرزی تر بە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ئەمساڵ، لە دوای سەری ساڵیشەوە رێککەوتنی نوێ لە نێوان ھەولێر و بەغداد دەکرێت بۆ دابینکردنی مووچە.

وتیشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وەفدی ھەرێمی راگەیاندووە، لێکتێگەیشتنەکە دەباتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان... 

بەرێزان بنەماڵەی کۆچکردوو ھونەرمەند و تێکۆشەری دێرین تاھیری خەلیلی  

بە نیگەرانی و داخی زۆرەوە ھەواڵ کۆچی دوایی ھونەرمەند  (تاھیری خەلیلی) مان بیست ، بۆ ئەم خەمە پرسە وماتەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە  و ھاوڕێیانی دەکەین .

 ھونەرمەند تاھیری خەلیلی، خاوەنی چەندین بەرھەمی بە پێزی ھونەری میوزیک و گۆرانی بووە و لەئاست پرسە نیشتمانی ونەتەوەییەکاندا ھەڵوێستی  جوامێریی ھەبووە، بۆیە ناو و بەرھەمەکانی ھەمیشە لەیادماندا دەمێنێتەوە و بەکۆچیدوایی خەم و پەژارەی زۆری بۆ ئێمە و کۆمەڵی کوردەواری بەجێھێشت .
لە یەزدانی مەزن داواکارین سەبوری و ئارامی ھەموو لایەک بدات و جێگای کۆچکردوو بەھەشتی بەرین بێت .
اناللەو اناالیە راجعون 

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...

کۆچیدوایی پێشمەرگە و ھونەرمەندی نیشتمانپەروەر تاھیر خەلیلی لە دڵەوە نیگەرانیکردین

ھونەرمەند تاھیر خەلیلی جگەلەوەی خاوەنی دەنگێکی رەسەن بوو، مرۆڤێکی بە ھەڵوێست و پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی کوردستان بوو.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە، پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەکەی، ھاوڕێیانی و ھونەرمەندان دەکەین و ھاوبەخشی ماتەمیانین.

لەخوای گەورە داواکارم بە بەھەشتی بەرینی شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دەوروبەری سەعات ١١ی ئەمشەو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی ھەریر.

وتیشی، دوای بۆردومانەکەش بۆ ماوەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە.

لەماوەی زیاتر لە مانگێکدا ئەمە ١٧یەمین جارە کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرشدەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازی ھەریر.

فڕۆکەخانەی ھەریر پێشتر بنکەی سەربازی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بوو، بەڵام لەدوای ھێرشەکانی ئەم دواییە و  لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە چۆڵ کراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەک شەممە دادگاکە سەبارەت بە سکاڵای نۆ فەرمانبەر ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەسەر سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.

فەرمانبەران لەسکاڵاکەدا داوا دەکەن، حکومەتی ھەرێم ناچار بکرێت، بە جێبەجێکردنی یاسای ھەموارکراوی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی و کەرتی گشتی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨، بەتایبەتی ماددەکانی ٦ و ٧ و ٨ و ٩، ھەروەھا دەستپێکردنەوەی پلە بەرزرکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

ھەروەھا رۆژی سێشەممە ٢٨ی تشرینی دووەم جارێکی تر دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەرەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عێراق و ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ دەرکردنی بڕیارێک بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەموز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پابەندکردنی ھەردوو حکومەت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق. 

ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دیکە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن ئەمینداری حزبی ئومەی عێراقییەوە لەدژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە بەپێی یاسای بودجە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت لەوادەی دیاریکراودا ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، ھەموو پشتگیرییەک بۆ کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی کار و چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپاتدەکەنەوە، لێبڕاوانە بەرامبەر بە ھەر جۆرە توندوتیژییەک دژی کچان و ژنان و ھەراسانکردنیان لە ھەر کوێ و بە ھەر پاساوێک بێت، دەوەستنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ڕۆژەدا یادی ھەموو ئەو ژنانە دەکەنەوە کە ستەمیان لێکرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە، ھیچ شتێک دادی ئازاری گەورەی خێزان و دایک و باوکانی ئەو قوربانییانە نادات، تاکە دڵنەوایی بۆ ئەوان تەنیا ئەوەیە ھەمووان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی دادوەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی خانمانی چالاکوان و مامۆستایانی ئایینی و ھەموو ئەوانە دەڕوانین کە بە ھەر شێوەیەک بێت، بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان کار دەکەن.

دەشڵێت، "لەم یادەدا پابەندیمان دووپاتدەکەینەوە کە بە ئیرادەیەکی پتەو و بە جددی بەرەنگاری ھەموو توندوتیژی و پێشێلکاری و دەستدرێژییەک بەرامبەر بە ژنان و مافەکانیان دەبینەوە، لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین، ھەرگیز لە کار و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر و یەکسان کۆڵ نادەین.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بە بڕیاری وەزیری کارەبای ھەرێم، کێشەی کارەبای پێنجوێن بە دوو مەرج چارەسەرکرا.

وتیشی، مەرجی یەکەم دەبێت ھەموو ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای سنووری قەزای پێنجوێن لاببرێت لەلایەن لیژنەیەک کە پێکھاتبن لە"نوێنەری یەکە کارگێڕییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن و ھۆبەی چاکسازی کارەبای پێنجوێن و یاریدەدەرێتی ئاسایشی پێنجوێن و بەشی پۆلیسی پێنجوێن"کەسی زیادەڕەو و سەرپێچی کار بدرێتە دادگا.

ھەروەھا لە قۆناغی کۆتایی بەستنی پێوەری زیرەک لە ھەرێمی کوردستان دا پێنجوێنیش پێوەری زیرەکی بۆ ببەسترێت، چونکە پێوەرەکە میکانیزمێکە کە گرەنتی کارەبای ٢٤ سەعاتی دەکات، لە سنووری قەزای پێنجوێن بە شێوەیەکی یەکجاری و ڕیشەیی، کۆنترۆڵی زیادەڕەویی سەرتۆڕەکانی کارەباش دەکات، بەوەش دوو مانگ جارێک پسوڵەی پارەی کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دێتەوە  محاویلەی کارەبای گەڕەکەکانیش لە سووتان دەپارێزێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستەکە وەزارەتی پەیوەندییەکان ئاگادارکردووەتەوە بۆ راسپاردنی کۆمپانیای گشتی پەیوەندییەکان و زانیاری بەمەبەستی  پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم.

دەشڵێت، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران وەزارەتی گەیاندنی پابەندکردوە بە راگرتنی ھەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ھاوکات یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە بەردەوامی پەخشکردنی ڕیکلامی کۆمپانیاکە، دۆسیەی پابەندییە داراییەکانی کۆمپانیاکە کۆتایی دێت.

رۆژی ١ی ١١ی ٢٠٢٣ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.

ھەفتەی رابردوو سیروان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، کێشەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی چارەسەر دەکرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە چووەتە سەرخەت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی شەممە (٢٥/١١/٢٠٢٣)، وەفدێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و شاندی یاوەری لە مەکتەبی سیاسی، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە شاری سلێمانی کرد و، لەلایەن شاندی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی مستەفا سەید قادر و شاندی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی پیشوازیان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ و ھەستیاری پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و دۆسیەی سیاسی، ئیداری و ئەمنی ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
پرسی یەکخستنی نێوماڵی کورد و ئامادەکردنی  نەخشەڕێگایەکی ھاوبەشی کوردستانی بۆ پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا، ھەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوی و ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکە ھەیە، ھەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندی نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتیان لە ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزرێت.
 
ھاوکات دۆخی ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان و کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر موچەخۆران و مامۆستایان بەشێکی گرنگی کۆبونەوەکەی پێکھێنا، ھەردولا ھاوڕابون لەسەر ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی بگەنە خاڵی ھاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەری کێشەی پشکی ھەرێم و دابینکردنی موچە لەکاتی خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەری کێشەکانی تەندروستی و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاوڵاتیان.

کۆبونەوەکە، ھەڵوەستەی لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکان کرد، ھەردولا جەختیان کردەوە لەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی لاببرێن، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم بۆشایی ھەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، ھەروەھا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و ھەردولا ھاوڕابون لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تا ھانی زیاتری ھاوڵاتیانی کورد بدات بۆ بەشداریکردنی کارا لە پڕۆسەکەدا.
 
 
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 
بزوتنەوەی گۆڕان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم ئاسایی بووەتەوە.

وتیشی، کێشەکانیان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت و بڕیارە لەماوەی دوو ھەفتەی داھاتوودا ھیچ کێشەیەک نەمێنێت و پەیوندییەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی دەبنەوە.

پێشتر دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاریدا بە پچڕاندنی پەیوەندیکردنی نێودەوڵەتی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم، بەپاساوی ئەوەی کۆمپانیاکە بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە.

رۆژی ١/١١/٢٠٢٣ دەستەی راگەیەندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.

ھەفتەی رابردوو "سیروان بارزانی"سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، کێشەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی چارەسەر دەکرێت و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە چووەتە سەرخەت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ئەمڕۆ شەممە ٢٥ ی ١١ ی ٢٠٢٣ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی  وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی کرد و لەلایەن مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدێکی باڵای کۆمەڵی دادگەرییەوە  پێشوازی لێکرا .

لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە کراو جەختیش کرایەوە لەپێویستی  پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکی کوردستان، ھەموو لایەنەکانیش پێکەوە ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی بژێوی ھاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری بە پەرۆشەوە تەئکیدیان کردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە ھەرێم بە شێوەیەک لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروست بکرێت و یەک گوتاری نیشتمانیی ئاڕاستەی بەغدا بکرێت کە سەرچاوەکەی دیدگای باڵای کوردستانی بێت کە بۆئەوەش یەکخستنی ھەوڵەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم بە پێویست زانرا .

دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە ، پرسی ھەڵبژاردن دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکە بوون کە بە وردی تاوتوێکران و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی ھەرێم ،  لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەڵبژاردن کرایەوە بە شێوەیەک ھەموو ھەوڵەکان بخرێنە گەڕ تا ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەمووان بێت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت .

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە دا جەخت لەسەر برەودان و بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانی ھەردولا کرایەوە.



یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  کۆمەڵی دادگەری کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ ی ١١ ی ٢٠٢٣ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی  وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد  و لەلایەن مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەھائەدین ئەمینداری گشتی و وەفدێکی باڵای یەکگرتووەوە پێشوازی لێکرا .

لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان ، یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد ، خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان کراو جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی  نیشتمانیی و بەرپرسیارانە کرایەوە بەبەشداری  سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان  لەناوخۆی ھەرێم عیراق بەشێوەیەک ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراوبێت و ھەوڵەکانیش بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بەتایبەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی ھەرێم بخرێنەگەڕ .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا بە پەرۆشەوە ھاوڕابوون کە دۆخی ھەستیاری ناوچەکە وادەخوازێت نێوماڵی کورد یەکبخرێتەوەو  یەکڕیزی بپارێزرێت و کێشەو کەموکوڕییەکانی بەردەم پرسی حکومڕانی چارەسەر بکرێن و ستراتیژی سیاسی حزبەکانیش بخرێتە خزمەت گشتی  و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکات و ساتی خۆیدا بەجۆرێک ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لەھەرێم و بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکیدکرایەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و   فراوانکردنی ھاریکارییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک .
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان...

رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەری ھەموو ساڵێک، رۆژی ھاتنە کۆڕی خەباتی ژنانە دژ بە ستەم و نادادی و جیاکاری و چەوساندنەوە و توندوتیژی، ئەو رۆژە  بووەتە سیمبل بۆ ژنان تا لەرێگەیەوە لەسەرتاسەری دونیا، وەک بۆنەیەکی رەسمی چالاکی و گردبوونەوە بکرێت، گوزارشت لە داواکاری و پەیامە یەکسانخوازەکەی ژنان  بکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە رەسمی ئەم رۆژی دیاریکردووە و بۆنەکەش ھەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە کاریگەریان  بەسەر ژنانەوە ھەیە بە ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەک (نایەکسانی و جیاکاری، توندوتیژی ناو خێزان، توندوتیژی جەستەیی و دەرونی ،دەستدرێژی سێکسی، بازرگانی کردن بە ژنان و خەتەندەکردنی مێینە...ھتد)

یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، وەک حزبێکی سۆشیالیست دیموکراتی و پێشکەوتنخوازی دەربەست بۆ خەمی کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بڕوای پتەوی بە خەباتی ژنان و یەکسانی و نەھێشتنی جیاکاری و ستەم ھەیە، لەسەر ئەم دیدە کە بەشێکە لە رێبازە دروستەکەی سەرۆک  مام جەلال بەردەوام دەبێت، لە پێناو ئەوەی ژنان بگەن بە مافەکانیان و جیاکاری بنەبڕ بکرێت و وڵات لەسەر پرنسیپی وەک یەکی و یەکسانی بینابکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە بنەمای یاسایی یۆ مافەکانی ژنان دابندرێت و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان پابەند بکرێن بە جێبەجێ کردنییەوە.

سەرکەوێ خەباتی ژنان دژی توندوتیژی و پایەدار بێت کوردەوارییەکی دروست و چوون یەک لە سایەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەوەریدا 


مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان
٢٥/١١/٢٠٢٣

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...423424425426427...996