ھونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە ٤٠٠ ملیاری تر دەگاتە ھەرێمی کوردستان، ھەوڵ دەدەین پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکەین.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەشڵێت، رۆژی شەممە ھەموو ئامادەکارییەکان تەواو دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچەی ھەموو وەزارەتەکان، ھیچ کێشەیەکیش لە دابەشکردنی مووچەدا نابێت پێش جەژن.
پێگەی میدل ئیست ئای ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پشتیوانی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە ھێزی پێشمەرگە کردووە، بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکراوە.
دون بەیکن ئەندامی کۆنگرێس لە کۆمارییەکان کە ئەو بابەتەی خستووەتە دەنگدانەوە بە پێگەی میدل ئیست ئای وتووە، ئەو بڕیارە پشتیوانی بەھێزی ھەردوو پارتەکەی ھەبووە، ئیدارەی ئەمریکاش ئاڕاستە دەکەن بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پلانی مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوەی موشەکەکان، پێویستیشی بەوەیە لە ئەنجومەنی پیران پەسەندبکرێت.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەندجارێک لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ وەفدەکانی ئەمریکا داوای ئەو سیستمەیان کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک ھێرشکراوەتەسەر فڕۆکەخانەکانی و ناوچەکانی دیکەی ھەرێم.
ھاوکات جوناسان لورد سەرۆکی پڕۆگرامی ئەمنی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە ناوەندی ئەمنی ئەمریکی بە پێگەکەی وتووە، ھێزی پێشمەرگە مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلار لەسەر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وەردەگرێت، دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانیش بۆ پێشمەرگە رەنگە پێچەوانەی رێساویاساکان بێت، بەتایبەت کە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا کێبڕکێی چەک دەکەن و داواکارییەکی زۆر لەسەر ئەو سیستمە ھەیە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕەکەی زڕگوێز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەحەتی خۆیان لەبارەی رووداوەکەی زڕگوێز رادەگەیەنن و داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکەن دان بەخۆیاندا بگرن و رێگا نەدەن دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت، چونکە ئەوەی روودەدات لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی کوردایەتی و کۆمەڵەدا نییە.
حزبی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەن بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگرتن لە ھەر جۆرە ئاڵۆزییەک و بەھیوان ھەموو لایەک ھەست بە بەرپرسیارییەتی خۆی بکات.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بەیانیە لە لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە بە سەرپەرشتی عەبدوڵای ئازەربار ھێرشکراوەتە سەر فێرگە و ئوردوگانیان و بە قەناس تەقە لە پێشمەرگەکانیان کراوە و تائێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراھیمی و ھیوا سادقی گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوێنێوە دوای راگەیاندنی کۆتایی پڕۆسەی یەکگرتنەوە لەلایەن ئەوانەوە، ھەوڵیاندا کە ئەم شەڕە ڕوونەدات، بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بۆ قەرەبووی شکستەکانیان لە ھیچ کردەوەیەک دەست ناپارێزن.
شەڕەکەی ھەردوو کۆمەڵە لەدوای ئەوە دێت، کە رۆژی چوارشەممە دوای حەوت مانگ،، یەکگرتنەوەی ھەردوو کۆمەڵەکە ھەڵوەشایەوە.
رەنج پشدەری چالاکوانی کورد لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەلایەن ھێزی دەریاوانی یۆنانەوە ٦٣ کۆچبەری کورد رزگارکراون، کە لەناوچەی کەلەماتەی یۆنان گیریانخواردووە و بە وتەی خۆشیان ٨ منداڵیان لەگەڵدابووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆچبەرە کوردانە چوار رۆژ لە ئاوی یۆناندا بوون دواتر بزوێنەری بەلەمەکەیان تێکچووە، دوای یەک سەعات لە تێکچوونی بەلەمەکەیان، لەلایەن ھێزەکانی دەریاوانی یۆنان بە ھاوکاری رێکخراوی یوئێن کۆچبەرەکانیان رزگارکراون.
رەنج پشدەری وتیشی، کۆچبەرە کوردەکان گواستراوەنەتەوە بۆ وشکانی و بڕیاریشە دوای پشکنین رەوانەی ئەسینا بکرێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری کوردسات نیوز کەوتووە، بەغداد رەزامەندی دەربڕیوە ٤٠٠ ملیاری تر بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران بخاتەسەر ھەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وابریارە رۆژی پێنج شەممە پارەکەی بەغداد بگاتە ھەرێم.
ھەر بە گوێرەی زانیاریەکانی کوردسات نیوز، رۆژی شەممە تا رۆژی سێشەممە مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی دوو جار بە نووسراوی رەسمی، داوای لە بەغداد کردووە بڕی ٤٠٠ ملیاری تر بنێرێت بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی ئایار.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون سێھەمین کۆبوونەوەی ھاوبەشی خۆی ئەنجامداوە و بڕیاردرا بە تەرخانکردنی دوو ملیار و ٧٧١ ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری توند لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەرامبەر قەسابخانەکان دەگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان نەدرێت و ھاتوچۆی ئاژەڵ سنوورداردەکرێت، بەشێوەیەک لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێرتێرنەری بێت، جگەلەوەش لیژنەی تایبەت لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون پێکھێندراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو روونیشیکردەوە، یەکەم وتاری جەژنی قوربان لە مزگەوتەکاندا تایبەت دەکرێت بە ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتییان لە نەکڕینی گۆشتی سەر شەقامەکان، لە رۆژانی جەژنی قورباندا قەسابخانەکان کراوە دەبن بۆ ئاسانکاری و پشکنینی ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی عێراق بڕی ١٠ ملیار دیناری خستووەتەسەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشاسازیی ھەرێم، کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و دوای تەواوبوونی رێکارە کارگێڕی و داراییەکانیش، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت بەسەر جوتیاراندا بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بەسایلۆکان.
راشیگەیاندووە، ئەو ١٠ ملیار دینارە پێنج ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی، دوو ملیاری بۆ پارێزگای ھەولێر، سێ ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دھۆک تەرخان دەکرێت.
فەھمی بورھان بە کوردسات نیوز رایگەیاند، بەڵگەی جوتیارانی کورد بۆ خاوەندارێتی زەوییەکانیان بەڵگەی راست و رەوانن، بەڵام کێشەکە بە جۆرێکی دیکەیە بۆ دەستبەسراگرتن و داگیرکردنی زەویی جوتیارانی کورد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشێک لە جوتیارانی عەرەب لەو سنورە قەرەبووی ماددەی ١٤٠یان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەشێکی ئەو جوتیارانە بە پاڵپشتی ھێزێکی چەکدار دێنەوە بۆ ھەراسانکردنی جوتیارانی کورد.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، ھێمن مستەفایی "خەڵکی شاری مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران لەلایەن داواکاری گشتی پارێزگای سنە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ١٢ ساڵ لە بەندکردن سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.
رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کەسێکی دیکە بەناوی"عارف ھەواسی" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە سزاکەی جێبەجێکرا.
بەپێی ئامارەکانیش بە جێەجێکردنی سزای ئەو دوو بەندکراوەی کورد، ژمارەی لەسێدارەدراو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان گەیشتە ٣٥١ کەس.
بە پێی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشھاتە پەیوەندیدارەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە ڕەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تائێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەرنەکراوە.
ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستی تاوتوێ دەکرێن.
محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھێزێکی فەوجی چواری فرقەی ٨ی سوپای عێراق لە درەنگانی شەودا چوونەتە سەر زەوی جوتیارانی گوندی پەڵکانە و جگە لە شکاندنی ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی ئاودێری و زەوییە کشتوکاڵییەکان، جوتیارێکیشیان دەستگیرکردووە.
دەشڵێت، ھێزەکە دەستیان بەسەر کەلوپەلە کشتوکاڵییەکاندا گرتووە و ئەو جوتیارەش کە دەستگیریانکردووە گوستوویانەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان و بڕیارە ڕەوانەی دادگا بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەئێستادا ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی دەستی سوپا لە کێشەی زەویوزاری جوتیارانی کورد دووربخرێتەوە و کارکردن بە گرێبەستی ھاوردەکان ڕابگیرێت.
نێچیرڤان فەخرەدین وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ بە کوردسات نیوز رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، نەخۆشێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، کە گومانی توشبوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێکراوە.
وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە پشکنینی بۆ کراوە و پشکنینەکەی رەوانەی بەغداد کراوە، لەئێستاشدا ئەنجامی پشکنینەکەی گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە توشبووی تای خوێنبەربوونە.
توشبووەکە تەمەنی ٥٥ ساڵە و دانیشتووی ناحیەی دینارتەی سنووری قەزای ئاکرێیە، پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵە.
وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ دەڵێت، توشبووەکە لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆکراوە، لەئێستاشدا دۆخی تەندروستی باشە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.