سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كۆبووەوە
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كۆبووەوە و جەخت لە بەردەوامی پشتگیرییەكانی هاوپەیمانان بۆ هەرێم و عیراق كرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژەنەڕاڵ كێڤن لێیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كۆبووەتەوە و كۆبوونەوەكە بە ئامادەبونی وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو كە تێیدا دوایین پێشهاتەكانی سوریا و رەوشی ئەمنی عیراق و ناوچەكە تاوتوێكراوە و جەختكراوەتەوە لە پتەوكردنی هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی هەرەشەكانی تیرۆر و پاشماوەكانی داعش.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەەدا ، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا كرد و پابەندیی هاوپەیمانانی بە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان دوپاتكردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و روبەروبونەوەی هەرەشەكانی داعش.