ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات نامەیەك ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەمریكا دەكات و داوادەكات فشار بخاتە سەر ئەردۆغان تا هێرش نەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات نامەیەكی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ كردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئامانجی توركیا ئەوەیە كە پێش ئەوەی ترەمپ دەستبەكارببێت، رۆژئاوای كوردستان داگیربكات.

هۆشداریشیداوە لەوەی كە هەر داگیركارییەكی توركیا دەبێتە هۆكاری ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە كۆبانێ و جگە لەوەش چەندین هاوڵاتی مەسیحی ئاوارە دەبن و كارەساتی گەورە روودەدات.

چەند لێپرسراوێكی ئەمریكیش بە رۆژنامەكەیان وتووە، توركیا و هاوپەیمانەكانی مانەوەیان لە سنورەكانی سوریا بەهێز دەكەن، ئەمەش نیگەرانی لای هەسەدە دروستكردووە سەبارەت بەوەی توركیا ئامادەكاری بكات بۆ چونە ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێن.