تەحریر شام: ناوچە كوردییەكان دەخرێنەوە سەر ئیدارەی نوێی سوریا
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فەرماندەی سەربازی دەستەی تەحریر شام رایدەگەیەنێت، ناوچە كوردییەكان دەخرێنەوە سەر ئیدارەی نوێی سوریا و فیدراڵی بۆ كورد رەتدەكەنەوە.
مورهیف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازی دەستەی تەحریر شام لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كە لە شاری لازقیەی رۆژئاوای سوریا لەگەڵیدا ئەنجامدراوە رایگەیاندووە، بە هەموو شێوەیەك فیدراڵی بۆ كورد لە رۆژئاوای كوردستان رەتدەكەنەوە و دەبێت ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە كوردیەكان بخرێنەوە ژێر دەستی ئیدارەی نوێی سوریا.
دەشڵێت، گەلی كورد پێكهاتەیەكی گەلی سوریایە كە بەهیچ شێوەیەك دابەش نابێت و هیچ فیدراسیۆنێكی تێدا نابێت.
فەرماندەی سەربازی تەحریر شام جەخت لەوەشدەكاتەوە، تەحریر شام دەبێتە یەكەم هێزی دەستپێشخەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵە سەربازییەكەیان و پەیوەندیكردن بە سوپاوە.
داواش لە ئەمریكا دەكات، ئەحمەد شەرع ناسراو بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" سەرۆكی دەستەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.