سەرەڕای دەستپێکردن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠، بەڵام هێشتا بایکۆتی کارکردن لە بەشێک لە فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی بەردەوامە.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، لەناو ئەو فەرمانگانەدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەیە کە ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامە لە بایکۆتی کارەکانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانگانەی بایکۆتیان کردووە باس لەوەدەکەن، بە وەرگرتنی یەک موچە بایکۆت ناشکێنن و دەبێت هەر سێ موچەی کۆتایی ئەمساڵیان پێبدرێت.

ئەوەشی خستە روو، بایکۆتی ئەو فەرمانگانە ئیش و کاری هاوڵاتیانی پەکخستووە، بەڵام هاوڵاتیان دەڵێن، "ئەوانیش مافی خۆیانە و گلەییمان لێیان نییە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە سێشەممە ١٧ی ١٢وە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەکەن و لەماوەی شەش رۆژدا کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دەهێنن.

دوێنێ وەزارەتەکە راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیۆن دیناری بۆ تەمویلی موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتەکەیان، بەڵام کاتی دەستپێکردن بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ی رانەگەیاند.