كۆبانێ كە وەكو رەمزی بەرەنگاربوونەوەی داعش وێنادەكرێت، لەئێستادا لەژێر هەڕەشەی هێرشی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتەدایە.

بەپێی ئاژانسەكانی جیهان، ئەنقەرە لەئێستادا خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر سوریا ئامادە دەكات، ئەمریكاش هەوڵەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە خستووەتەگەڕ.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، نامەیەكی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا ناردووە و تێیدا جەختیكردووەتەوە، توركیا خۆی ئامادە دەكات بۆ هێرشێكی زەمینی بۆ ناو خاكی سوریا و داوای لەترەمپ كردووە، فشار بخاتە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ئەوەی خۆی لەو هەنگاوە بەدوربگرێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا كۆبانێ چەندین هێرشی كراوەتەسەر و لەڕێگەی بۆردومانی زەمینی و ئاسمانییەوە، هەوڵی داگیركردنی شارەكە و گوندەكانی دەوروبەری دەدات، شەڕڤانانی هەسەدەش بەتوندی بەرپەرچیان داوەتەوە و بەپێی روانگەی بۆ مافی مرۆڤ شەڕڤانان درۆنێكی توركیایان لەو سنورە خستووەتەخوارەوە.

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بەهۆی بۆردومانەكانەوە هەڕەشەی جدی لەسەر كۆبانێ دروستبووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر روداوەكانی ئێستای سوریا دەڵێت، دەوڵەتی توركیا چەندین ساڵە هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئاراستەكەی بەرەو بەنداوی تشرین گۆڕیوە و هەوڵدەدات بەرەو كۆبانێ پێشڕەی بكات، دەشڵێت لەشكركێشی سوپای توركیا نەوەستاوە و لەئێستادا بەنیازە هێرش بكاتە سەر شاری كۆبانێ.

لەسەر ئەم پێشهاتە چاوەڕوانكراوەی سوپای توركیا بۆسەر كۆبانێ، ئانالینا بێربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، كۆبانێ بە سیمبولی خەباتی ئازایانەی كوردەكان لە دژی داعش ناودەبات و داوا لە توركیاش دەكات، بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا بگرێتە ئەستۆ.

روداوەكانی سوریا لەدوای كەوتنی ئەسەد، ئەو وڵاتەی بردووەتە قۆناغێكی دیكەوە، بەجۆرێك دۆست و دوژمنەكانی سەردەمی ئەسەد، لەئێستادا رۆڵەكانیان گۆڕاوە، توركیا خۆی بە بەرپرس و دۆستی سوریای نوێ دەزانێت و یەكەم وڵات بوو باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی، دوای 12 ساڵ لە دیمەشق كردەوە.

هەرچی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشە، لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە كردنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە سوریا بەنزیك نازانێت و دەڵێت، بوونی هێزەكانیان لە سوریا بۆ بەرگری و پشتیوانی كەسێك نەبووە، بەڵكو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆربووە.