بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو پێشنیازیان بۆ چارەسەری گرفتی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان داوەتە هاتوچۆی هەرێم. دەشڵێت، "نابێت بهێڵین هاوڵاتیان زیانمەند بن".

ئاسۆ محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێویستە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان پۆلێن بکرێن، چونکە بەشێکیان هەیە بەکەڵکی ئەوە نایەت بەسەر شەقامدا بڕۆن، بەشێکیشیان دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێت ئەو گرفتە بەو جۆرە بمێنێتەوە، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ پۆلێنیان بکات.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستە روو، "نابێت بهێڵین هاوڵاتی زۆر زیانمەند ببێت، ئەگەر هۆکارەکەی هەڵەی هاوڵاتیانیش بووبێت".

دەشڵێت، دەبێت حکومەت بچێتە ژێر باری بەشێکی قەرەبووەکان و بۆ ئەو مەبەستە دوو پێشنیازیان خستووەتە روو.

ئاسۆ محەمەد روونیشیکردەوە، لە ئەگەری یەکەمدا حکومەت دەتوانێت وەک مراندن ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەبگرێتەوە و ئۆتۆمبێلی نوێ بهێنن، لە رابردوودا ئەوە دەکرا.

راشیگەیاند، پێشنیازی دووەم ئەوەیە، ئەو هاوڵاتیانە خۆیان ئۆتۆمبێلەکانیان رادەستی حکومەت بکەن، لە بەرامبەرا حکومەت لە رسومات و کۆمەڵێک رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلێکی دیکە خۆش ببێت کە ئەوان دەیهێنن.