هاتوچۆی سلێمانی بۆ هاووڵاتیان: تاوەکو ساڵی داهاتوو بۆ هیچ مامەڵەیەک سەردانمان مەکەن
هەساو ئەمیر
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی کۆتاییهاتنی ساڵی ژمێریاریی و پشووەکانی سەری ساڵەوە، هاتوچۆی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، تاوەکو ساڵی داهاتوو، بۆ راییکردنی هیچ مامەڵەیەک سەردانیان نەکەن. بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیش بۆ کوردسات نیوز، باس لە سزا پێبژاردنی دارایی ئەو کەسانە دەکات، کە لەماوەی بایکۆتدا مامەڵەکانیان رایی نەکراوە.
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، بەهۆى كۆتايىهاتنى ساڵى ژمێريارى، سبەینێ سێشەممە ٢٤ی ١٢، کۆتا رۆژی ساڵی ژمێریارییە، لەبەرئەوە رايیكردنى مامەڵەی هاووڵاتیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، تاوەکو دەست پێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ دەوەستێت.
هاتوچۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەو ماوەیەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە نەکەن و دەشڵێت، هەر مامەڵەیەک لە ماوەی ئەو راگرتنەدا بەسەربچێت، وەک (ساڵانەی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێری و ماوەی تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل و گرێبەستی ئەلیکترۆنی) ئەوا بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە لە دوای دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ساڵی نوێدا، بۆیە هیچ کەسێک توشی سزای پێبژاردنی دواکەوتن نابێت.
چی بەسەر مامەڵەی ئەو هاووڵاتیانەدا دێت کە کەوتووەتە کاتی بایکۆتی هاتوچۆوە؟
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسۆ محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی مامەڵەکانیان کەوتووەتە کاتی بایکۆتی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە، پێشنیازێک هەیە کە لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت.
بەوپێیەش، کە سبەی کۆتا رۆژی ساڵی ژمێریارییە، ئەو لێخۆشبوونە درێژ دەکرێتەوە بۆ دوای پشووەکانی سەری ساڵ.