دوای سەردانەکەی بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دوێنێ لە بەغدا بوو و ئەمڕۆش گەیشتە هەولێر، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەبارەی چەند پرسێک لەناویشیاندا 'داعش' کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، رۆبین بریکلمانیس وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازی لێکرا.

بڕیارە رۆبین بریکلمانیس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دوایین رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە بکەن، بەتایبەت دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسیی سوریا.

هەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا باس لە پەیوەندیە دوو قۆڵیەكانی هەرێم و وڵاتەکەی دەکات.

ماوەی چەند رۆژێکە، رۆبین بریکلمانیس وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و سەردانی سوریا و بەغدادی کرد.

هاوکات، لە نزیکەوە چاوی بە هێزەکانی هۆڵەندا لەم ناوچانە کەوتووە، جەختیشی کردووەتەوە لە مانەوەی هۆڵەندا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عیراق و سوریا.

هۆڵندا، لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە کونسوڵخانەی لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و یەكێكە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش. ساڵی ٢٠٢١ بەمەبەستی مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە، زیاتر لە ١٥٠ سەرباز و راوێژكاری رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە.