پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتبار لەسەر دۆسییەی كوشتنی كچێك دەستگیر دەکات
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری لەسەر دۆسییەی كوشتنی كچێك لە گەڕەكی ئازادی دەستگیركرد، كە بە نەتەوە عەرەبن و خزمی كوژراوەكەن و هەڵساون بە، بەندكردن و ئەشكەنجەدانی كچەكە تاكو گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئاگاداركرانەوە لە رووداوی كوشتنی كچێك لە گەڕەكی ئازادی شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی چوونەتە شوێنی رووداوەكە و پاش ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و هێڵكاری بۆ تاوانەكە، بەدواداچوونەكانیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی رووداوەكە دەستیپێكردوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانراوە لە دوو چالاكی جیادا دوو تۆمەتبار لەسەر دۆسییەكە دەستگیربكەن، كە بەنەتەوە عەرەبن و لە دایكبووی ساڵەكانی 1989 و 1987ـن.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە، كچە كوژراوە خزمی تۆمەتبارەكانە و بە سەردان چووەتە ماڵی تۆمەتبارەكان، دواتر كچەكە لەلایەن ئەو دوو تۆمەتبارەوە بەندكراوە و ئەشكەنجە دراوە تاكو گیانی لەدەستداوە، لەئێستاشدا هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.



