سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن كە ئامانجەكەی پاراستنی مافەكانی گەلی كوردە لە سوریا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ وەفدێكی باڵای پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم پارتی) كۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەكان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی سوریا بە تایبەتی گەلی كورد كردەوە، داواشكرا هەمووان پێكەوە بە یەكسانی بڕیار لە چارەنووسی سوریا بدەن و قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی بهێننە كایەوە.

لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك بافڵ رایگەیاند، پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن كە ئامانجەكەی پاراستنی مافەكانی گەلی كوردە لە سوریا، پاڵپشتیی گەلی كوردیش دەكەن لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەكانیان و هەوڵەكانی مەزڵوم كۆبانێ‌ لەو قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەكە بەرزدەنرخێنن.

لەبەرامبەریشدا وەفدی باڵای دەم پارتی رایگەیاند، بە سیاسەتێكی نیشتمانییەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەكەن، هەوڵەكانیشیان لەپێناو پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سوریا بەردەوام دەبێت.