بەشی پێشبینییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەپۆڵێکى گەرما روو لە ناوچەکەمان دەکات، سبەى رۆژى دووشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات تاوەکو هەفتەى داهاتوو ئەو بارستە هەوایە گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەکانى گەرما رۆژى پێنج شەمە دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى، پێشبینى بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ٤٧ پلەى سیلیزى، سلێمانى ٤٥ پلەى سیلیزى دهۆک ٤٦ پلەى سیلیزى کەرکووک ٥٠ پلەى سیلیزى و هەڵەبجە ٤٧ پلەى سیلیزى، ئیدارەى گەرمیان نزیک دەبێتەوە لە ٥١ پلەى سیلیزى ئیدارەى راپەڕین ٤٥ پلەى سیلیزى.
سەبارەت بە پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما لە سەرووى ٤٢ پلەى سیلیزى دەبێت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى ٣٤ پلەى سیلیزى دەبێت.
باسی لەوەشکردووە، ئەم شەپۆڵی گەرمایە ماوەی مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک درێژدەبێتەوە بۆیە جیاوازە لە شەپۆڵەکانی تر ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆڵێکی گەرمای چەند ڕۆژە بێت .
ئەو عەقیدە ناوی "فوئاد شەھید زرار شەل"ە لە لیوای ١٨ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەپێی وتەی کەسانی نزیک کوژراوەکە، تا ئێستا ھۆکاری کوشتنەکەی نەزانراوە و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی ھەولێرە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو عەقیدە لەگەڵ کەسێک بووەتە شەڕیان و گوولە بەر قاچی کەوتووە، ھەوڵیداوە بە تەنھا بە ئۆتۆمبێل خۆی بگەیەنێتە نەخۆشخانە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
تا ئێستا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر ھیچ رونکرنەوەیان لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە.
تەندروستی سلێمانی لەرێگەی بڵاوکراوەیەکەوە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگاداردەکاتەوە کە دامەزران بەشێوەی گرێبەست ڕادەگەیەنێت بۆ دەرچوانی ( پەرستیاری زانکۆ، پەرستیاری پەیمانگا ، یاریدەدەری بێھۆشکاری ) بۆ نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی کۆئەندامی ھەناسە ) وە ئەو دەرچوانەی ئارەزووی دامەزراندنیان ھەیە بەشێوەی گرێبەست دەتوانن فۆرمی دامەزراندن لەرێگەی ئەم لینکەی کە دانراوە پربکەنەوە و تەواوی زانیارییەکانی تێدا خراوتەروو.
تێبینی / ۲۰۲۳/۸/٦ ناو تۆمارکردن دەستپێدەکات
تا ٢٠٢٣/٨/١٣دەتوانن ناوەکان تۆماربکەن.
٢٠٢٣/٨/١٤کۆتا ڕۆژە بۆ پێشکەشکردن لەڕێگەی ئەم لینکەوە
#ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ب.گ.تەندروستی سلێمانی .
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم، سبەینێ ٦ی ئاب تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لە ھەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی دەستپێدەکات و رۆژی دوو شەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٣ کۆتایدێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان ھەمان ڕێکارەکانی خولی یەکەم لە خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی دەگیرێتەبەر.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێز ھەڤاڵی تێکۆشەرو نیشتمان پەروەر کاک عەلی شامار
بەڕێزان ھاوژین و خانەوادەی کۆچکردوو (کاروان عەلی شامار) ھەواڵی کۆچی دوایی کاکە (کاروان عەلی شامار)، دڵتەنگ ونیگەرانی کردین.
مامۆستا کاروان لەخێزانێکی نیشتمانپەروەرو جوامێری ئەم کوردستانەیە. لە پێناو ئازادی و سەربەستی کوردستان قوربانی زۆریان داوەو لە شۆرشی نوێشدا ئەم خێزانە کورد پەروەرە رۆڵیان لە بەتینی کڵبەو بڵێسەی ئاگری شۆرشداوە؛ کۆچکردوو کوڕی ھەردوو قارەمانی گەل و شۆڕشی نوێ خاتوو (وەسفیەی بەنی وەیس) کە بەدایکی شەھیدان نێوزەندکراوەو کاک عەلی شاماری کە وەک سیمبولی خەبات و تێکۆشان دەناسرێنرێت.
کۆچی دوای مامۆستا کاروان؛ خەم و پەژارەی لەدڵی ھەمووان دروستکرد.
پرسەو سەرەخۆشی خۆمان لەخێزان و خانەوادە تێکۆشەرەکەیان دەکەین و ھاوبەشی خەمتانین.
باڵێۆز د. محمد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
دەقی پرسەنامەکە...
کاک عەلی شامار، ھەڤاڵی دێرین و تێکۆشەری کوردستان
خانەوادەی سەرکردەی کۆچکردوو وەسفیە بەنی وەیس
ھەڤاڵ رێبوار عەلی شامار
کۆچی دوایی کاک کاروان عەلی شامار لە دڵەوە نیگەرانیکردین. بۆ ئەم خەمە گەورەیە، پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو گەلەکەمان.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێز ھەڤاڵی تێکۆشەر کاک عەلی شامار
بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو (کاروان عەلی شامار)
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی کاکە (کاروان عەلی شامار)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو لەخێزانێکی نیشتمانپەروەر و جوامێری کوردایەتی و قوربانیدەر بوو بۆ شۆڕش و خەبات لەخانەقین و گەرمەسێر، و کوڕی دوو قارەمانی گەلەکەمان؛ (دایکی شەھیدان) خاتوو (وەسفیەی بەنی وەیس) ژنە پێشمەرگە و رێکخستنی نھێنی و کاک عەلی شاماری تێکۆشەری دێرین بوو، کۆچکردنی جێگای ئەسەفی ھەموومانە.
بۆ ئەم کۆچە، پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادە تێکۆشەرەکەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پرسەنامەکە...
تێکۆشەری دێرین کاک عەلی شامار
کەس و کار و خانەوادەی سەرکردەی کۆچکردوو وەسفیە بەنی وەیس
ھەڤاڵ موقەدەم رێبوار عەلی شامار
ھەواڵی کۆچی دوایی کاک کاروان عەلی شامار کە بەرەبەیانی ئیمڕۆ بە روداوی ئۆتۆمبیل گیانی لە دەستدا، لە ناخی دڵمانەوە خەمباری کردین و پەژارەیەکی گەورەی بۆ ھاورێ و کەس و کاری بەجێھێشت.
بۆ ئەم کۆستە خەمناکە پرسە و ھاوخەمی خۆمان ئاراستەی ئێوە و ھاورێیانی دەکەین، داواکارین لە یەزدانی مەزن سەبوری و ئارامی ھەموو لایەک بدات و کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات.
اناللە واناالیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرچاوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی بە چڕی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی بتوانن بڕی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچەی ئەو وەزارەت و شوێنانە دابینبکەن کە لە خشتەی موچەدا ناویان نەھاتووە.
وتیشی، ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەیە لەم ھەفتەیەدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، تاکو بەزووترین کات وادەی دابەشکردنی موچەی ئەو وەزارەت و شوێنانەی دیکەش رابگەیەنرێت.
ھەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە، ژمارەیەک وەزارەت و خانەنشینی مەدەنی و سەربازی و سەرۆکایەتییەکان لە لیستەکە بەدەرکراون.
خەیری بوزانی لێپرسراوی نوسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەکان بە رۆژنامەی سەباحی رەسمی عێراقی رایگەیاندووە، لە نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ەوە ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال ئیمزاکرد، بەڵام تائێستا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە و بەھۆیەوە تائێستا نزیکەی ١٣٦ ھەزار ئاوارەی ئێزدی لە ناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین و زیاتر لە ١٨٩ ھەزاریشیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
وتیشی، ئێزدییەکان لەگەڵ ئەوەدان و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان بەتایبەتیش بۆ سەنتەری قەزای شنگال، بەڵام بەھۆی خراپی رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەشێک لەوانەشی گەڕاونەتەوە جارێکی تر شنگالیان بەجێھێشتووەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ ناو کەمپەکان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ٣ـی ئاب لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بە چەک ھێرشیکردە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گولـلـەی لێکردن و بەھۆیەوە ھاوسەر و خەسوو و خەزوورەکەی کوشت، بۆیان دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە ھاتووەتە شاری ھەولێر.
باسی لەوەشکردووە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر، تواندرا تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت و بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی بازگەکان دەستگیربکرێت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەش، رێکارە یاساییەکان گیراوەتەبەر.
ھاوکات لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لەرێگەی ھەماھەنگی زانیاری نێوان پۆلیسی کەرکوک و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێمەوە بووە.
وتیشی، تۆمەتبارەکە لە سنوری ھەولێر دەستگیرکراوە و لەئێستادا لەژێر دەستی ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمدایە و لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەڕەسمی رادەستی پۆلیسی کەرکوک دەکرێتەوە.
ھێزەکانی رووبەروبوونەوەی مادەی ھۆشبەری عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی رووبەروبوبونەوەی مادەی ھۆشبەری ھەولێر، ھەڵمەتێکی سەرکەوتوویان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە مەترسیدارترین بازرگانانی مادەی ھۆشبەر لە سنوری پارێزگای دھۆک ئەنجامدا، دەستیشیان گرت بەسەر برێکی زۆر لە مادەی ھۆشبەردا.
بەپێی زانیای میدیاکانی عێراق، بە چاودێری دادگای یەکی لێکۆڵینەوەی کەرخ، ھەڵمەتەکە کراوە و ژمارەیەک بازرگانی مادەی ھۆشبەر دەستگیر کراون و لە شوێنی ھەڵمەتەکەشدا دەستگیراوە بەسەر زیاتر ٢٣٦ کیلۆگرام لە حەبی ھۆشبەر لە جۆری کاپتاگۆن و نزیکەی ٣٦ کیلۆ لە ماددەی ئەفیون.
ناوەندی میدیایی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردوەتەوە، کە تۆمەبارەکان راگیراون و دادگای تاوانی کەرخ کە تایبەتە بە دۆسیەی رووبەربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە.
بەھمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا لە سنووەی پارێزگای سلێمانی چەند رووداوێکی دڵتەزێنی ھاتوچۆ روویانداوە و ژمارەیەک قوربانیی لێکەوتەوە، بەشێوەیەک تەنھا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا چەند رووداوێکی ھاتووچۆ روویانداوە و بەھۆیەوە پێنج کەس گیانیانلەدەستداوە و ١١ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی ھاتووچۆ پابەندنەبوونی شۆفێرانە بە رێنمایی و یاساکانی ھاتووچۆ، لەوانە تیژڕەوی و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان.
وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی وتیشی، ئەگەر پلانەکانی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ھاتوچۆ جێبەجێنەکرێن، کە لە رێنمایی و یاساکان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکان پێکھاتوون، ئەوا رووداوەکانی ھاتووچۆ زیاتر دەبن.
ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەر لەکاتی خۆیدا، پێویستە بۆ ھەموو پڕۆسەیەکی دیموکراسی تەندروست.
ھاوکات، رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێم سەرەڕای پێشوازیکردن لە دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، بەریتانیا بەردەوام داوایکردووە ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجام بدرێت، ھەروەھا ھانی ھەموو لایەنەکان دەدات کە بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و دڵنیابن لەوەی لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت، ھەڵبژاردن دەرفەتێکی گرنگە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێم بۆ تێکەڵبوون لە پرۆسەی دیموکراسی و بەرجەستەکردن و بەکارھێنانی مافی دەنگدانیان.
رۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ھەرێم، ٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتووی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەریتانیا بەردەوام داوایکردووە ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجام بدرێت.
کونسوڵی گشتی بەریتانیا ھانی ھەموو لایەنەکان دەدات، کە بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و دڵنیابن لەوەی لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت، ھەڵبژاردن دەرفەتێکی گرنگە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ تێکەڵبوون لە پرۆسەی دیموکراسی و بەرجەستەکردن و بەکارھێنانی مافی دەنگدانیان.
ئێرڤن ھێکس دوای ساڵێک کارکردن وەک کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم، لە سلێمانییەوە پەیامی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھەوڵە دیبلۆماسی و ھاوکارییە تەکنیکییەکانی ئەمریکا ھاوکاربوون بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێم بتوانێت سەدان ھەزار دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
وتیشی، کونسوڵخانەکەیان ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمی کردووە لە دامەزراندنی سیستمی بایۆمەتری مووچە کە بووە ھۆی نەھێشتنی ٥٠ ھەزار فەرمانبەری بندیوار و ١٢٤ ھەزار دوو مووچەی.
کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێم دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە دابینکردنی پێداویستی و راھێنان و پاڵپشتی لۆجستی بۆ پێشمەرگە، لەوانەش ناوەندێکی لۆجستی لە سلێمانی و دامەزراندنی دوو بارەگای سەرەکی بۆ دوو فەرماندەکە لەژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگە.