سەرۆک بافڵ: كاری لەپێشینەمان چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئاندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێكدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان كرایەوە.
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، كاری لەپێشینەمان چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەرە و دەبێت ئەم دۆخەی بەسەر هەرێمەكەماندا زاڵە كۆتایی پێبهێنرێت. پاراستن و بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵك و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر بۆیان بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێویستە كۆی هەوڵەكان لەو چوارچێوەیەدا بێت.



