زیاتر لە 26 هەزار گەشتیار سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەكەیان كردووە
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەكە ئاماری میوان و گەشتیار و چالاكیەكانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە و بەپێیی ئامارەكە زیاتر لە 26 هەزار گەشتیار سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە.
مۆزەخانەكە ئەوەی خستووەتە روو, ساڵی 2024 ژمارەی ئەو گەشتیارانەی كە لەناوخۆوە سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە 22 هەزار و 8 كەس بووە كە 18 هەزار و 520 كەسیان میوانی ئاسایی و 8 هەزار و 488 خوێندكاری خوێندنگە و زانكۆ و پەیمانگە بوون .
بەپێیی ئاماری مۆزەخانەكە 4هەزارو 710 میوانی بیانی و وەفدی رەسمی و باڵیۆز و كونسوڵخانەكان سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەكەیان كردووە و بەوەش كۆی گشتی گەشتیاران دەكاتە 26 هەزارو 718.
ئەوەش هاتووە, هەر لەو ساڵەدا 64 پێشانگە و 40 چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدراون.
مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسورەكە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا جێگەیەك بووە بۆ ئازاردان و ئەشكەنجەدانی گەنجان و ئازادیخوازانی كورد, بەڵام دوای روخاندنی رژێمی بەعس باڵەخانەكە چۆڵ كرا و كرا بە مۆزەخانەیەكی هاوچەرخ، بەناوی (مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە) تا لە یادمان نەچێت، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو و تەواوی سەردانكەرانی ئەم مۆزەخانەیە بە بەڵگەوە تاوان و ناهەقییەكانی رژێمی پێشوو ببینن بەرانبەر بە خەڵكی ئازادیخوازی كورد
