هاوسەرۆكانی شارەوانیی ئاكدەنیزی مێرسین لە باكوری كوردستان فەرمانی زیندانیكردنیان بۆ دەرچوو و قەیوم لە جێگەیان دانرا.

دوای ئەوەی هەینی رابردوو هۆشیار سارییەڵدز و نوریە ئاسلان، هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیزی مێرسین دەستبەسەر كران، رۆژی یەكشەممە رەوانەی دادگا كران و فەرمانی زیندانیكردنیان بۆ دەرچوو. وەزارەتی ناوخۆی توركیاش قەیومی بۆ شارەوانی ئاكدەنیز داناوە.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا راشیگەیاندوە، زەید شەنەر قائیمقامی ئاكدەنیز وەك قەیوم كاروبارەكانی شارەوانی بەڕێوە دەبات،  سێ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیش لە ئەركەكەیان لادراون.

لەلایەكی ترەوە تولای حاتیمی ئۆغلاری و تۆنجەر باقرحان هاوسەرۆكانی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی"دەم پارتی" كاردانەوەیان بەرامبەر بە بڕیاری دانانی قەیوم راگەیاند و ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، دانانی قەیوم بۆ شارەوانی ئاكدەنیز كودەتایە و نكۆڵیكردنە لە ئیرادەی گەل.

راشیانگەیاندوە، حكومەت بە پاڵپشتی دەسەڵاتی دادوەری، جارێكی دیكە كودەتای بەدژی ئیرادەی گەل ئەنجامداوە.