لە روداووێکی هاتوچۆدا لە کۆیە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، روداوەکە لەسەر رێگای نێوان کۆیە- دوکان نزیک گوندی داوداوە بووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان لە رەگەزی نێر و ئەوی دیکەیان لە رەگەزی مێیە.

لەوبارەیەوە سەنگەر سەلاحەدین بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای کۆیە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری مارسیدس و ئۆپڵدا رویداوە.

ئەوەشی خستە روو، جگە لەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆیە چارەسەر وەردەگرن.

رێگای نێوان دوکان- کۆیە، یەکێکە لەو رێگایانەی هەرێم کە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەسەر خراپی رێگاکە هەیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر روداوی هاتوچۆی تێدا روودەدات.

ماوەی هەفتەیەکیشە لەسەر یەک دانیشتووانی گوندەکانی سنووری ناحیەی خەلەکان کە ئەو رێگایە رێگای سەرەکی ناحیەکەیانە، شەقامەکە دەگرن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن دژی خراپی رێگاکە و داوای چاککردنی دەکەن.