کوردستانکوردستان

گەلاوێژخان لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مێژووی كورد و كوردستاندا، وەك بیرەوەری و یادگارییەكی ماڵباتی بەدرخانیان بە زیندوویی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەچەسپێنێت كە ڕۆڵە دڵسۆزەكانی ئەم نەتەوە نیشتیمان بەشبەشكراوە.

دەقی پەیامەکەی گەلاوێژخان... 

بەرز و شكۆداربێت یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی

لەیادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیی دا، سڵاو و درود بۆ گیانی بەرزی مامۆستای گەورە "میقداد مەدحەت بەدرخان" و هەموو شەهیدان و قوربانیان و ڕێبوارانی بواری ڕۆژنامەگەریی كوردی.

ئەم ڕۆژە، كە لە مێژووی كورد و كوردستاندا، وەك بیرەوەری و یادگارییەكی ماڵباتی بەدرخانیان بە زیندوویی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەچەسپێنێت كە ڕۆڵە دڵسۆزەكانی ئەم نەتەوە نیشتیمان بەشبەشكراوە، تەنانەت لە دەربەدەری و دوورخراوەییشدا، هەر دڵیان لای خەباتی ڕەوای نەتەوەكەیانە، ئەوەتا كاتێك عوسمانییەكان؛ بەشێك لە خەڵكی باكووری كوردستان ئاوارە دەكەن و لە زێدی خۆیان هەڵیاندەكەنن، كەچی بەدرخانییەكان؛ لە قاهیرەوە بانگەوازی شۆڕشی ڕووناكبیریی دەكەن و لەسەردەستی ئەوان یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی "كوردستان" لە 22ی نیسانی 1898دا دەردەكەن.

هەر لەیەكەم ژمارەیشیدا "میقداد"ی بەهەشتی دەنووسێت "ڕۆژنامەیەكم بەناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە، هۆشیار بكەمەوە".

لەم یادە پیرۆزەدا، لەئاستی بەدرخانییە ڕۆژنامەنووسەكان و هەموو ئەو كەسانەی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەریی كوردییان بە ئەمڕۆ گەیاند؛ دەست دەخەینە سەرسنگ و پیرۆزبایی گەرمیش لە هەموو ئەوانە دەكەین كە لە ئێستا و لە داهاتوویشدا، ئەم ئەركە سەخت و تاقەتپروكێنە لە ئەستۆ دەگرن.

بەرز و بەشكۆبێت یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی.
                                                                        
  گەلاوێژ

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن کرد و تیایدا هاتووە: “یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردستان پیرۆزبێت.”

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان پیرۆزبێت.

لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردی و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە سەد ساڵی رابردوودا قەڵەم و بیر و هزر و ژیانی خۆیان خستووەتە خزمەتی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی کوردەوە.

لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری رۆژنامەگەریی کوردیدا لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و لە بەرامبەریشدا ئەرکی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، پاراستنی ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی و هەنگاونانە بەرەو پیشەیی بوونی زیاتر.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ناڕەزایەتی بەرانبەر دەستگیركردن ‌و شكاندن ‌و رێگریكردن لە رۆژنامەنووسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێت‌ و داواش دەكات، ئازادی رادەبڕین ‌و ئازادی رۆژنامەگەری بەدوور بگیرێت لە ململانێی حزبی‌.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ناڕەزایەتی بەرانبەر دەستگیركردن ‌و شكاندن ‌و رێگریكردن لە رۆژنامەنووسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێت‌، داواش دەكات، ئازادی رادەبڕین ‌و ئازادی رۆژنامەگەری بەدوور بكرێت لەململانێی حزبی‌ و كارایی یاسای رۆژنامەگەری وەكو دەستكەوتێكی گرنگ پەیڕەو بكرێت‌.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هاتنەپێشەوەی ژنانی رۆژنامەنوس، نیشانەیەكی ئەرێنی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییە، پێویستە بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی بكرێن و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت.

هەروەها بانگەوازی هەموو رۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەرانی دەزگاكانی میدیا‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، بازنەیەكی گفتوگۆی كراوە لەپێناو رێكخستن ‌و ریفۆرمی بواری میدیادا، دەستپێبكەن ‌و هاوكاری یەكتر بن لە بەرەوپێشچوونەكان و لە رووی یاسایی‌ و پاراستنی تایبەتمەندی هاووڵاتی، هاوكات بەزمانی كوردی لەرۆژنامەگەریدا، گرنگی پێ بدرێت. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆران رادەستی بەغداد دەكرێت و بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری دارایی عیراق.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بە كوردسات نیوزی وت، بۆ ئەوەی بەغداد مانگانە تەمویلی مووچە بكات، پێویستە هەموو مانگێك پێداچوونەوە بە بودجەی مانگی رابردوو بكرێت و داهاتی ناوخۆ ئامادە بكرێت كە نزیكەی 50 ملیار دینارە، هەروەها لیستی مووچەش رەوانە بكرێت.

وتیشی، بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم بچێتە بەغداد و لیستی موچەی مانگی چوار رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكات و نیوەی داهاتی نانەوتی مانگی سێ رادەستی گەنجینەی فیدراڵی بكرێت.

ئەو سەرچاوە باسی لەوەش كرد، لەسەر بنەمای مانگەكانی رابردوو لیستی مووچە ئامادە دەكرێت و چەند كێشەیەكی بچوكی تێدایە،دوای چارەسەركردنی وەفدەكە دەچێتە بەغداد، دوای وردبینی و دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی عیراق، مووچەخۆرانی هەرێم وەریدەگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی شارەوانی هەرێم رایگەیاند، ناوی 38 هەزار فەرمانبەری تر بۆ وەرگرتنی زەوی لە گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆش ناوی 10 هەزار فەرمانبەری تر رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت.

 

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا 38 هەزار ناوی تر لە ئەنجومەنی وەزیران گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، كە خانەنشین و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا 315 هەزار فەرمانبەر سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی و هێشتا 100 هەزار فەرمانبەری تر ماوە، بڕیارە ئەمڕۆش ناوی 10 هەزار فەرمانبەری تر رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت بۆ وەرگرتنی زەوی.

 

ئەو بەڕێوەبەرە روونیشیكردەوە، كاتی دابەشكردنی زەوییەكان بەسەر فەرمانبەراندا دیارینەكراوە، بەڵام هەر شارەوانییەك زەوی ئامادەبێت دەتوانێت دەستبكات بە دابەشكردنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوار رۆژی داهاتوودا 400 خێزانی ئاوارەی شەنگال لە كەمپەكانەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

 

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژی داهاتوودا 400 خێزانی ئاوارەی كەمپی (چەمشكو) لە سنوری زاخۆ لە رێگەی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (ئای. ئۆ. ئێم) و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بە دیاریكراوی كۆمەڵگەی سیبا و تەلعەزیز.

 

ئاماژەی بەوەش كرد، دوای بڕیاری دۆناڵد تڕەمپ سەبارەت بە كارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، پڕۆسەكە لە مانگی پێنجدا بەردەوام دەبێت و ژمارەیەكی دیكە خێزانی ئاوارەی شەنگال بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی نێودەوڵەتی لە گەرمیان ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا و ژمارەیەک تیرۆرست دەستگیرکران.

 

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بڵاویکردەوە، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوبەری گشتیی دژەتیرۆر، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر CTG   بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ژمارەیەک تیرۆرستیان لە سنوری گەرمیان دەستگیرکرد.

 

ئاشکراشیکرد، تیرۆرستانی دەستگیرکراو پێشینەی کاریان هەبووە لەناو دیوانی جوندی رێکخراوی تیرۆرستیی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، لە چەندین شەڕدا دژ بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوچەکانی سنوری دیالە، حەمرین، عوزێم بەشدارییانکردووە.

 

دژە تیرۆر راشیگەیاند، لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادگاکانی عێراقەوە بە ماددەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوبوون، دەستبەجێ پاش دەستگیرکردنیان رادەستی یاسا کران بە مەبەستی سزادانیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خانمی یەکەمی عیراق بەشداری له کۆنگرەی یەکێتیی ژنانی کوردستان کرد و جەخت لەسەر گرنگی ئامادەکردنی ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ بەرەوپێشبردنی پێگەی ژنان دەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەشداری کرد لە کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی کوردستان کە لەژێر دروشمی (ژن، خەبات، ژیان) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

 

لە وتارێکدا لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا کە  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم ئامادەی بوو و ژمارەیەک لە بەرپرسان و ژنانی سەرکردەی یەکێتییەکە ئامادەییان هەبوو   شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەسەر گرنگی هاوسۆزی و هاوخەباتی ژنان کردەوە بۆ کارکردن بۆ چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و روبەڕوبوونەوەی هەموو جۆرە جیاکارییەک.

 

وتیشی، خەباتی رێکخراوەییمان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە مافە تەواوەکانی ژنان کە تا ئێستاش رووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە.

 

خانمی یەکەم جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن و بەهێزکردنی مافەکانی ژنان یەکێکە لە ئەولەویاتی کارەکانی ئێمە، تەئکیدیشی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ ئامادەکردنی ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ پێشکەوتنی ژنان و تێکەڵکردنی پێداویستییەکانیان لە پلانەکانی گەشەپێداندا.

 

هیوای خواست کۆنفرانسەکە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت بۆ خزمەتکردنی ژنانی کورد لەڕێگەی هەڵبژاردنی سەرکردەی لێهاتوو کە توانای داکۆکیکردنیان لەمافەکانی ژنان هەبێت.

 

 شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رێزی لە ژمارەیەک لە ژنان گرت وەک رێزلێنان لە هەوڵ و قوربانیدانیان لە پێناو ژیانێکی شایستە بۆ ژنان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی ژنانی کوردستان قوباد تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزباییان ئاڕاستە دەکات و رایدەگەیەنێت؛ هیوادارام ئەم کۆنگرەیە گوڕوتینێکی نوێ بە خەبات و کار و چالاکییەکانی یەکێتیی ژنان ببەخشێت.

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە یەکێتیی ژنانی کوردستان دەکەم و هیوادارام ئەم کۆنگرەیە گوڕوتینێکی نوێ بە خەبات و کار و چالاکییەکانی یەکێتیی ژنان ببەخشێت.

 

وتیشی، خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی کوردستان و یەکێتی ژنان بەشداریمان لە کۆنگرەکەیاندا کرد و رێزمان لە ٣٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی رێکخراوەکە گرت لە پێناوی دابینکردنی مافەکانی ژنانی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، "ژیان و کەسایەتیی پاپا فرانسیس، سادەیی و نزیک بوونی بوو لە خەڵک، لە هەمان کاتدا کەسایەتییەکی کاریگەر بوو لەسەر ئاستی جیهاندا، هەمیشە ڕێزی لە گەلانی جیهان دەگرت".

دەقی پەیامەکە

لە ناخەوە نیگەران و خەفەتبار بووین بۆ کۆچی دوایی، پاپا فرانسیس، پاپای فاتیکان.

ژیان و کەسایەتیی پاپا فرانسیس، سادەیی و نزیک بوونی بوو لە خەڵک، لە هەمان کاتدا کەسایەتییەکی کاریگەر بوو لەسەر ئاستی جیهاندا، هەمیشە ڕێزی لە گەلانی جیهان دەگرت، مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز و دژە جەنگ بوو، هەروەها بە داکۆکیکار و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرا.

بۆ ئەم بۆنە دڵتەزێن و کۆستە گەورەیە، هاوخەمیی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خوشک و برا مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی دەردەبڕین.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٤/٢١

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا کار بە بریکارنامە ناکرێت، دوورن لە راستییەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە، ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە، کە مامەڵە بە بریکارنامە (وکالة) دەوەستێت و ئیش و کاری هاووڵاتیانی پێ رایی ناکرێت.

ئەوەش هاتووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیەوە هاووڵاتییەکی زۆر سەردانمان دەکەن و بەهۆیەوە قەرەباڵغی لە بەشی تۆماردا دروست بووە.

دەشڵێت، "هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە، راییکردنی مامەڵە بە بریکارنامە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نەوەستاوە و بەردەوامیش کاری پێدەکرێت، ئەوەی هەیە تەنها دەنگۆیە". 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاپا فرانسیس رێزی لە هەموو ئاینییەکان دەگرت و دژی هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەکی ئایینی بوو.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...

کۆچی دوایی پاپا فرانسیس نەک تەنها بۆ مەسیحییەکان و شوێنکەوتووانەکەی، بەڵکو بۆ هەموو جیهان هەواڵێکی ناخۆش بوو، بۆچوون و هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی لای هەموو مرۆڤێکی ئاشتیخوازی جیهان بە هەر بیروباوڕێکەوە جێگەی رێز و پێزانینە.

پاپا فرانسیس رێزی لە هەموو ئاینییەکان دەگرت و دژی هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەکی ئایینی بوو، خوازیاری گفتوگۆی نێوان ئاینییەکان و بە تایبەتیش دوو ئایینی ئیسلام و مەسیحی بوو و بەردەوام جەختی لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی جیهان لە ڕێگەی گفتوگۆ و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری دەکردەوە.

بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو شوێنکەوتووانی لە هەموو جیهان دەکەم، هیوادارین ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری باڵ بەسەر هەموو جیهاندا بکێشێت کە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکی بەهۆی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هاوبەشی ئازاری لەدەستدانی کەسایەتییەکین هەموو ژیانی خستبووە خزمەت مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و بەخشندەیی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکی بەهۆی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "لە دڵەوە نیگەران و خەمبارین بە کۆچی دوایی قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتيكان، پاپا فرا‌نسیس. بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دەگەیەنینە تەواوی برا مەسیحییەکانمان لە کوردستان، عیراق و جیهان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە گەڵیاندا هاوبەشی ئەم ئازارەین بۆ لەدەستدانی کەسایەتییەک کە هەموو ژیانی خستبووە خزمەتی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و بەخشندەیی نێوان گەلان".

ئەوەشی خستووەتە روو، "پاپا فرا‌نسیس هەمیشە دەستێکی خێربوو بۆ برایەتی، بیروباوەڕە ئاشتیخوازەکانی لە دوای خۆشی بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی نیسان، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خانمی یەکەمی عیراق پرسەنامەیەکی بەهۆی گیانلەدەستدانی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەو رابەرە رۆحییە بوو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ ئاشتی و لێبوردەیی ئایینیی.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پرسەنامەیەکی بەهۆی گیانلەدەستدانی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "دڵسۆزانەترین پرسە و سەرەخۆشی لە مەسیحییەکانی جیهان، بەتایبەت کاسۆلیکییەکان دەکەم بۆ لەدەستدانی ئەو رابەرە رۆحییەی ژیانی خۆی تەرخان کرد لەپێناو ئاشتی و لێبوردەیی ئایینییدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانە مێژووییەکەی بۆ عێراق لە ساڵی 2021دا دەستپێشخەرییەکی بەهێز بوو بۆ پشتیووانی و هیوا، هەروەها گەواهیدەری پابەندبوونی بوو بە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان.

ئەوەشی خستووەتە روو، "تێکۆشانی لەپێناو ئەم بنەمایانەدا رێزێکی زۆری ئایینزا جیاوازەکانی پێبەخشی".

ئەمڕۆ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی دەم پارتی رایگەیاند، وەفدی دەم پارتی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بەرەو ئیمڕاڵی بەڕێکەوت.

باسی لەوەشکرد، وەفدەکە لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگوری پارێزەر پێکدێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەباران دەست پێ دەکات و خێرایی با زیاد دەکات.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت، هەروەها لە ناوچە سنوریەکانی باکور ئەگەری کەمێک تاوەباران هەیە.

ئەوەش هاتووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت لەگەڵ کەمێک تاوەباران لە ناوچە سنوریەکانی باکور و رۆژهەڵات.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە سەعاتێکدا، هەندێک کاتیش دەگاتە سەروو 30 کیلۆمەتر.

کەشناسی باسی لەوەشکردووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبن و سبەینێ کەمێک نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:

هەولێر : 32  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 27 پلەی سیلیزی

دهۆک : 28  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 33 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 27 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 27 پلەی سیلیزی

سۆران : 25 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 20 پلەی سیلیزی

گەرمیان :34 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...236237238239240...994