ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆران رادەستی بەغداد دەكرێت و بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری دارایی عیراق.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بە كوردسات نیوزی وت، بۆ ئەوەی بەغداد مانگانە تەمویلی مووچە بكات، پێویستە هەموو مانگێك پێداچوونەوە بە بودجەی مانگی رابردوو بكرێت و داهاتی ناوخۆ ئامادە بكرێت كە نزیكەی 50 ملیار دینارە، هەروەها لیستی مووچەش رەوانە بكرێت.

وتیشی، بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم بچێتە بەغداد و لیستی موچەی مانگی چوار رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكات و نیوەی داهاتی نانەوتی مانگی سێ رادەستی گەنجینەی فیدراڵی بكرێت.

ئەو سەرچاوە باسی لەوەش كرد، لەسەر بنەمای مانگەكانی رابردوو لیستی مووچە ئامادە دەكرێت و چەند كێشەیەكی بچوكی تێدایە،دوای چارەسەركردنی وەفدەكە دەچێتە بەغداد، دوای وردبینی و دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی عیراق، مووچەخۆرانی هەرێم وەریدەگرن.