کوردستانکوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە، "یادی كارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ و ئەو مەرگەسات و تراژیدییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، دەبێت هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکڕیزیی گەلەکەمان".
 
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
 
ئەمڕۆ بە رێزەوە یادی 51 ساڵەی کارەساتی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لەگەڵ یادی 43 ساڵەی یادی راپەڕینی شارەکە دەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سڵاوی ئەمەکداری بۆ کەسوکاری سەربەرزیان و برینداران دەنێرین.
 
یادی كارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ و ئەو مەرگەسات و تراژیدییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، دەبێت هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکڕیزیی گەلەکەمان و یەکخستنی هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی حکومڕانی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان تاوەکو ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین، بە تایبەت هاونیشتمانییانی دەڤەری پشدەر و بیتوێن کە لە کاروانی کوردایەتیدا سەرمەشقی شۆڕش و تێکۆشان بوون.
 
داواکاریی ئێمە داواکاریی خەڵکە سەربەرزەکەی قەڵادزێیە کە زیاتر دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەکە درێژبکرێت و بە کار و پرۆژە خزمەتیان بکرێت.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، بەشێکی هۆکاری گیانلەدەستدان لەو کەسانەی کە نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش ئەنجام دەدەن بە سەرجەم جۆرەکانییەوە، پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانەوە هەیە. وتیشی، ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە رێک دەخەنەوە و پسپۆڕی پزیشکەکان دیاری دەکەن.

سەباح هەورامی بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بەشێکی هۆکاری گیانلەدەستدان لەو کەسانەی نەشتەرگەریی دەکەن بۆ بڕینی گەدەیان یان دەرهێنانی چەوریی و راکێشانی پێست، پەیوەندی بە نەخۆشخانەکان و نەگونجاوی شوێنەکەوە هەیە بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە پسپۆڕی دیاری کراوی نییە، تێکەڵاوییەک لەنێوان پسپۆڕییەکان و دەستنیشانکردنی کاری پزیشکەکاندا روویداوە و هەر پزیشکێکی نزیک لەو پسپۆڕییە بە مافی خۆی دەزانێت ئەنجامی بدات.

وتیشی، لە ئێستادا بەشێکی زۆری پسپۆڕییەکان ئەو نەشتەرگەرییە بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دەدەن، کە هەندێک جار رێگای نازانستی و شێوەی نەگونجاو بەکاردەهێنن، کە بەهۆیەوە گیانلەدەستدان یان چەندین زیانی لاوەکی لێدەکەوێتەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە دەیان سکاڵا هەیە لەسەر ئەو بابەتانە، چەندین کەسیش بە سزا گەیەنراون، یان رەوانەی دادگا کراون، هەشە بێتاوانی سەلمێنراوە و ئازاد کراوە.

سەباح هەورامی وتیشی، بڕیاریان داوە ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە رێک بخەنەوە و پێویستە لە چەند شوێنێکی تایبەتی نەخۆشخانەکاندا ئەنجام بدرێت و پسپۆڕی ئەو پزیشکانەشی رێگەیان پێدەدرێت ئەنجامی بدەن، دیاری بکرێت، جگە لەوەی دەبێت نەخۆش بەر لە بڕیاردان بۆ نەشتەرگەریی، لیژنەی تایبەت بیبینێت.

 

ئەمڕۆ هەر پزیشکێک لە هەر نەخۆشخانەیەک ئەو نەشتەرگەرییەی ئەنجام دابێت، توندترین سزا دەدرێت

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەشی باس لەوە دەکەن، ئەمڕۆ نەشتەرگەریی بڕینی گەدە ئەنجام درابێت لە چەند نەخۆشخانەیەک، ئەوەی روون کردەوە، لیژنەکان ئەمڕۆ بەسەر نەخۆشخانەکاندا دەگەڕێن، هەر پزیشکێک لە هەر نەخۆشخانەیەک ئەو نەشتەرگەرییەی لەمڕۆدا ئەنجام دابێت، ئەوا بە توندترین شێوە سزای دەدەن.

 

بەشێکی پزیشکەکان ئامانجیان کێبڕکێی ماددیە

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی نەشاردەوە، کە بەشێکی پزیشکەکان بۆ کێبڕکێی ماددی نەشتەرگەرییەکە بە زوویی و لە شوێنی نەگونجاودا ئەنجام دەدەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە، ژنێکی تەمەن 36 ساڵ، دوای رۆژێک لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری گیانی لەدەستدا، کە خاوەنی سێ منداڵ بوو و دانیشتووی بەریتانیا بوو.

لەدوای ئەوەشەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تەواوی ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەرییەکانی دابەزاندنی کێشی لە نەخۆشخانەکاندا قەدەغە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی بە یاسا و رێکاری گونجاو ئەو کارە رێکدەخەنەوە. راشیگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەخۆشخانەکەش و پزیشکەکەش پێکهێناوە.

گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەوە لە هەرێمی کوردستان چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە،  لە 14ی مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆکرا، گیانی لەدەستدا، کە خاوەنی دوو منداڵ بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆڵبارین بەردەوام دەبێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزوخۆڵ لە کەشدا، ئەگەری بارینی نمەبارێنێکی کەم بە تێکەڵی لەگەڵ خۆڵ لە ناوچە جیاجیاکان هەیە، لە ناوچە شاخاویەکانی باکوور ئەگەری بارانبارین زیاترە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزوخۆڵێکى سووک لە کەشدا.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ و سبەینێ خێرایی با لەنێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتردا دەبێت و هەندێک جار زیاد دەکات بۆ سەروو 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.

لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە ئەوە هاتووە، ئەمڕۆ نزیکەی 2 تا 4 پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە و سبەینێش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : 30  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 29 پلەی سیلیزی

دهۆک : 29  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 33 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 30 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 30 پلەی سیلیزی

سۆران : 27 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 16 پلەی سیلیزی

گەرمیان :36 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادە بوون و بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و رۆڵی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕی، کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا پشتیوانی گەلی کورد بوون و هاوکاریی و پشتگیرییە بەردەوامەکانیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند، راشیگەیاند، ئێمە قەت دۆستەکانمان لەبیر ناکەین کە لەگەڵمانن و جێمان ناهێڵن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوە بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت، تاوەکو کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات.

دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کرایەوە لە چوارچێوەی سوریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان.

لەوبارەیەشەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، یەکگرتوویی کورد و پشتگیرییکردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا. وتیشی، "بۆیە هانی هەموو لایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن، کە ئەمەش رێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ 51 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لەلایەن رژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، کە لەو کاتەدا زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزی بوو و بەهۆی بۆردومانەکەوە 163 روحی بێتاوان شەهید کران.

24ی نیسانی ساڵی 1974، رژێمی بەعسی دیکتاتۆر دڕندانە بە چوار فڕۆکەی سیخۆ و 16 بۆمبی ناپاڵم بۆردومانی شاری قەڵادزێ و کەمپی زانکۆی سلێمانی کرد، کە لەو کاتەدا زانکۆی سلێمانی گواسترابووەوە بۆ قەڵادزێ.

بەهۆی بۆردومانەکانەوە 163 هاووڵاتی و روحی پاک شەهید کران، کە نۆ کەسیان خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بوون، ئەوە جگە لەوەی 300 کەسیش بریندار بوون.

خوێندکارەکانی زانکۆی سلێمانی کە شەهید کران بە ناوەکانی "بورهان عەبدوڵا شاسوار، سۆران محەمەد سەڵتە، هیوا عەبدول غەفور، حەمەساڵح سام سام، سەروەر عەلی قادر، ئازاد حسێن" بوون.

لەو بارەیەوە زانکۆی سلێمانی رایگەیاندووە، لە ساڵی 1974 کاتێک بڕیاردرا زانکۆی سلێمانی بگوازرێتەوە بۆ قەڵادزێ بۆ درێژەدان بە خەباتی زانست‌ و قەڵەم، رژێمی بەعسی دیکتاتۆر بە بۆردومانکردنی زانکۆکە وەڵامی ئەو هەڵوێستە کوردانەیەی خوێندکاران‌ و مامۆستایانی دایەوە و دەیان خوێندکار شەهید بوون‌ و سەدان خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار و ئاوارە بوون.

دوای هەشت ساڵ لە بۆردومانی شاری قەڵادزێ، خەڵکی شارەکە لە 24ی نیسانی 1982دا یادی بۆردومانەکەیان کردەوە، دواتر خۆپیشاندان دەستی پێ کرد، رژێمی بەعس لەو ساڵەشدا دڕندانە کەوتە گیانی هاووڵاتیان و بەهۆیەوە دوو خوشک کە بە "مامۆستا سنەوبەر و دایکە ئامینە" ناسراون، شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ساڵی 2013دا، بۆ رێزگرتن لە خەباتی خەڵکی قەڵادزێ و بەرزراگرتنی روحی شەهیدان و یادی شەهید و بریندارانی بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 4ی ئازاردا، بە بڕیاری 2262؛ رۆژی ۲٤ / ٤ی وەک رۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاریکرد.

داواشی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان کرد، ساڵانه‌ له‌و روژه‌دا به‌ چالاکی رۆشنبیری‌ و زانستی یادی شەهیدان‌ و قوربانیانی زانست‌ و قه‌ڵه‌م لە کوردستان بکەنەوە.

قەڵادزێ هەمیشە یەکێک بووە لەو شارانەی هەمیشە گەنج و پیر و لاو و جوانی بە بیری ئازادی و ئازایەتی گۆش کراون و لانکەی چەندین شۆڕش و شۆڕشگێڕ بووە، بۆردومانی ئەو شارەش بەشێک بووە لە ویستەکانی حزبی بەعسی دیکتاتۆر بۆ کپکردنەوە و لەناوبردنی ئەو بیر و هۆشە زیندووە لەناو خەڵکەکەیدا.

رژێمی بەعس چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی دژ بە کورد ئەنجامداوە، لە قۆناغی حوکمکردنیدا بە چەندین شێوە و قۆناغ هەوڵی لەناوبردنی کورد و کەمکردنەوەی ناسنامەی کوردی داوە هەم لەسەر خاکەکەی خۆی، هەم لە ناوچە کوردییەکانی دیکەی عیراقدا.

49 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی تێدەپەڕێت

48 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی تێدەپەڕێت

 

46 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی تێدەپەڕێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای شاری هەولێر، شەڕ لە نێوان کەسوکاری نەخۆشێک و پاسەوانی نەخۆشخانەکە روویدا و لە ئەنجامدا چوار لە کەسوکاری نەخۆشێک برینداربوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر پێی راگەیاندین کە شەڕەکە لە نێوان کەسوکاری نەخۆشێک بووە کە پێشتر لە رووداوێکی هاتوچۆدا برینداربووە، لەگەڵ پۆلیسی نەخۆشخانەکە.

پەیامنێری کوردسات نیوز پێی راگەیاندین: "لە ئەنجامی شەڕەکەدا چوار کەس لە کەسوکاری نەخۆشەکە بە سووکی بریندار بوون و هەر لە هەمان نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دووهەمین دیداری یەکێتیدا و لە چاوپێکەتنێکدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنی یەکێتییە و لە بەغداد هەرچی دەیانەوێت جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی یەکێتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لە دووهەمین دیداری یەکێتی رایگەیاند: "هەڵبژاردنی داهاتوو تەنها بۆ ئەوەیە دیاری بکات کێ دەتوانێت لە عێراق و لەسەر ئاستی وڵاتانی نێودەوڵەتی خزمەتی زیاتری میللەتی کورد بکات".

پرەنسیپی نوێی حیزب و سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان:

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی ئێستا بە پرەنسیپێکی نوێ کاردەکات و ئەمەش بووەتە هۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا.

لە قسەکانیدا وتی: "حیزبەکەمان توانیویەتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی عیراقدا، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی لایەنە کوردستانییەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ یەکێتی و هەموو ئەندامانی".

پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی:

سەرۆکی یەکێتی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی رایگەیاند: "یەکێتی، ئێستاش هێندەی کاتی هەڵبژاردن توندە بەرامبەر پارتی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە نێوان هەردوو لا لە ئارادایە تەنها گفتوگۆیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە حکومەتی هەمووان بێت."

سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە: "گفتوگۆکانی ئێستای نێوانمان لەسەر پرەنسیپی حوکمڕانییە، بەڵام ئەگەر حکومەت بەو شێوازە نەبوو کە دەمانەوێت، ئەوا هەڵبژاردەکانی بەردەممان کراوەن و هەر پۆستێک وەربگرین بێ تەواوکردنی ئەم پرەنسیپانە، هیچ سوودێکی نابێت."

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی:

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبەکەی بە "بێوێنە" وەسفکرد و رایگەیاند: "لە نێوان دیداری یەکەم و دووەم پێنج جار بۆ گفتوگۆ و دیداری سیاسی سەردانی ئەمریکامان کردووە، هەروەها لە 29ـی ئەم مانگەش جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆدەبینەوە."

سەرۆکی یەکێتی بە شانازییەوە رایگەیاند: "لە دنیادا هیچ حیزبێک وەکو یەکێتی نییە کە لەیەک کاتدا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئێران، رووسیا، چین، وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەبێت."

هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە:

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، رایگەیاندووە: "ئێمە خوێندنەوەی وردمان بۆ گۆڕانکارییەکان کردووە و پێمان وایە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەلێکی گونجاوە بۆ میللەتی کورد و پێویست ناکات لێی قەلەق بین."

سەرۆکی یەکێتی داوای لە سەرجەم حیزبەکان کرد یەکدەنگ بن تاکو "دۆزی کورد بگەیەنن بە قۆناغێکی باشتر".

دەرگای حیزب کراوەیە بۆ ئەندامە ناڕازییەکان:

لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی ئەو ئەندام و کادیرانەی ئێستا لە حیزبەکە نەماون، رایگەیاند: "ئاساییە هەرکەسێک نیگەران بێت و قسەشمان پێ بڵێت، بەڵام ئێمە دەرگای حیزبەکەمان دانەخستووە. رەنگە رۆژێک بۆچوونەکانیان بگۆڕێت و بەرپرسیارێتی ئێمەیە سوپاسیان بکەین کاتێک دەیانەوێت دووبارە لەگەڵ هەڤاڵەکانیان خزمەتی حیزب و هاووڵاتیان بکەن."

سەرۆکی یەکێتی دواجار جەختی کردەوە کە جیاوازی ئەوان وەک یەکێتی لەگەڵ پارت و حیزبەکانی دیکە ئەوەیە کە رێگە دەدەن جیاوازی بیروبۆچوون هەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پلانێکی گرنگی بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە پەیکەری وەزارەتەکەی راگەیاند کە بە پێی زانیارییەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی ژمارەی فەرمانگەکان و سنووردارکردنی قەبارەی وەزارەتەکە.

بەپێی راگەیەندراوێک، روبیۆ ئەم هەنگاوەی بە "گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە" لە وەزارەتێکدا وەسف کرد کە بە وتەی خۆی ماوەیەکی درێژە کەوتۆتە بەر رەخنەی بەردەوام لەلایەن چاودێرانەوە.

روبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پەیکەری ئێستای وەزارەتی دەرەوە تووشی هەڵئاوسانێکی نا پێویست بووە کە رێگرە لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییە سەرەکییەکانی، ئەمەش دەرفەتی پێویستی لەبەردەم بەرەوپێشچوونی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهاندا سنوردار کردووە."

بەپێی زانیاریە میدیاییەکان، وەزارەتی دەرەوە بەنیازە ژمارەی فەرمانگەکانی لە 734 فەرمانگەوە بۆ 602 فەرمانگە کەم بکاتەوە، واتە بڕینی 132 فەرمانگە. هاوکات، داوا لە سەرجەم بریکارەکان کراوە کە لە ماوەی مانگێکدا پلانێک ئامادە بکەن بۆ کەمکردنەوەی 15% لە کۆی ژمارەی فەرمانبەرانیان.

لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئەگەر هەیە بکرێت:

- هەڵوەشاندنەوەی پۆستی بەرپرسی ئاسایشی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، کە پۆستێکی ستراتیژی بوو لەژێر سەرپەرشتی جێگری وەزیری دەرەوەدا.

- دامەزراندنی نووسینگەی هەماهەنگیی هاوکاری دەرەکی و کاروباری مرۆیی، کە بەرپرسیارێتی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (USAID)یش لە ئەستۆ دەگرێت، ئەو دەزگایەی کە لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لە 80% بەرنامەکانی راگیراون.

- هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی ململانێکان کە ئەرکی سەرەکی رێگرتن بوو لە تاوانەکان لە دەرەوەی ئەمریکا پێش روودانیان.

سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە بە میدیاکانی وتووە؛ کە ئەم گۆڕانکارییانە دەکرێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە بەشێک لەو پرۆگرامانەی کە لە رابردوودا پشتگیری دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤیان دەکرد، لەوانەیە بە تەواوی رابگیرێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی سازدانی دووهەمین دیداری یەکێتیەوە پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتییەکان کرد و تیایدا دەڵێت: دڵنیابن پێکەوە بە رۆحیەتی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی چۆنایەتی، یەکێتی نوێتر و گەشاوەتر دەکەینەوە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان رێکدەخەینەوە.


دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ: 

یەکێتییە سەربەرزەکان، هەڤاڵانی سەرۆک مام جەلال و قوتابخانەکەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردایەتی.

ئەمڕۆ بە شانازی و رۆحیەتی بەرزی یەکێتییانەمانەوە، دووهەمین دیداری یەکێتیمان کردە وێستگەیەکی دیکەی رێکخراوەییمان بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەکێتی بوونمان و خۆئامادەکردنمان بۆ رێکخستنەوە و گۆڕانکاریکردن لە پەیکەر و ستراتیژیی حیزب و نیشتمانیمان.

ئێوەی هەڤاڵان و کادرانی سەربەرزی یەکێتی بە بەشداری گەرموگوڕتان، بە سەرنج، پێشنیاز، تێبینی و رەخنەکانتان قۆناغێکی نوێ لە ژیانی یەکێتییەکەمان دەهێننە ئاراوە و پێکەوە خۆمان بۆ راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسساز و نیشتمانییەکان باشتر ئامادە دەکەین.

دڵنیابن پێکەوە بە رۆحیەتی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی چۆنایەتی، یەکێتی نوێتر و گەشاوەتر دەکەینەوە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان رێکدەخەینەوە، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەل و خاکەکەمان هەنگاو دەنێین و رۆحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانمان شادتر دەکەین و لەسەر رێباز و ئامانجی رەوایان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین.

لە دڵەوە سوپاسی هەڤاڵانی ئازیزم سەرپەرشتیاری گشتی، سکرتێری دیدار، لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی دەکەم کە دڵسۆزانە و پەرۆشانە بۆ یەکێتییەکی بەهێزتر ماندوو بوون لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی دیدارەکەماندا و هەر بمێنن بۆ یەکێتییەکەتان.

بەرەوە یەکێتییەکی بەهێزتر 

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڕیاری دا بە راگرتنی هەموو جۆرەکانی نەشتەرگەری لابردنی چەوری ورگ و نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی کێش لە هەموو نەخۆشخانە حکومی و نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی؛ ئەم بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتییە، تاوەکو بە هەماهەنگی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و کۆمەڵە پزیشکییەکان، رێنمایی نوێی تایبەت بەم جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەکرێن.

ئەوەش هاتووە؛ داوا لە بەڕێوەبەری هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت دەکەین کە لە رۆژی دەرچوونی ئەم راگەیەندراوەوە پابەندی ئەم بڕیارە بن، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی. لە کاتی سەرپێچیکردن، هەر لایەنێک بێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووەمین دیداری یەکێتی لەسەر چەند پرسێکی گرنگ قسەدەکات


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی حاکم قادر حەمەجانی کرد.
 
لە سەردانەکەدا سەرۆک بافڵ رۆڵی حاکم قادر حەمەجانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و شۆڕشی نوێ بەرزنرخاند کە وەک یەکێک لە تێکۆشەرەکان بەشێکە لە مێژووی زێڕینی یەکێتی و ئاماژەی بەوەدا، "هەمیشە بە شانازییەوە لە پێگە و رۆڵی هەموو سەرکردە و هەڤاڵە دێرینەکانمان دەڕوانین و ئێمەش لەسەر سیاسەت و بەرنامەی سەرۆک مام جەلال درێژە بە خەبات و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان دەدەین".
 
لە سەردانەکەدا سەرۆک بافڵ جەختی لە بەردەوامی هەنگاوەکانی رێکخستنەوە و نوێبوونەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی کردەوە و رایگەیاند، خەباتی ئەمڕۆمان دەگوجێنین لەگەڵ قۆناغی نوێی سیاسی و سەردەمەکەدا.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێک پێش ئێستا ژان نۆیێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەرێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان.

هەر ئەمڕۆ ژان نۆیێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە بەغداد چاوی بە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق کەوت، بەپێی زانیاریەکانی کوردستان نیوز، بڕیارە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

 

نوێدەکرێتەوە...

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رایدەگەیەنێت، ئەو گوڕوتین و ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە بەهێزەی ئەمڕۆ لە دووەمین دیداری یەکێتی بینرا، مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەترە.

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لەبارەی بەڕێوەچوونی دووهەمین دیداری یەکێتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، ئیتر ئەوە دروشم نییە کە دەڵێن یەکێتی حزبی کادرانە، چونکە بە کردار کادران بەشداری چالاکانەیان هەیە لە دانانی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کاتێک یەکێتی پشتی بە کادرەکانی بەستبێت بەرەو لوتکە هەڵکشاوە، دڵنیاین لەم قۆناغە نوێیەشدا یەکێتی پشبەستوو بە کادرە ژیر و پێگەیشتووەکانی ساڵ لە دوای ساڵ و کۆنگرە لە دوای کۆنگرە و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن و دیدار لە دوای دیدار تۆکمەتر و بەهێزتر و گەورەتر دەبێت".

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "بەڵێ، ئەو گوڕوتین و ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە بەهێزەی ئەمڕۆ لە دووەمین دیداری یەکێتی بینرا، مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەترە.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ دووەمین دیداری گشتی یەكێتی بە ئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ژنێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ژنێک لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانیدا گیانی لەدەستداوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو ژنە تەمەنی 36 ساڵ بووە و دایکی سێ منداڵ بووە.

ئەوەشی خستە روو، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی لە دەرەوەی وڵاتە، هێشتا تەرمی ژنەکە لە پزیشکی دادی سلێمانییە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی دەکەن، بۆئەوەی تەرمەکە رادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 14ی مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆکرا، گیانی لەدەستدا، کە خاوەنی دوو منداڵ بوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای 60 رۆژ لە ئەنجام نەدانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، سزای دواکەوتن دەیگرێتەوە.

جەزا مەحمود لێپرسراوی هۆبەی گرێبەستەکان و کۆمپانیاکان لە بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، بەپێی راگەیەنراوی ژمارە 2ـی ساڵی 2022ـی وەزارەتی ناوخۆ، گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆماوەی 60 رۆژ  دەدرێت بۆ تۆمارکردن یاخود گواستنەوەی خاوەندارێتی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدوای تەواوبوونی ماوەی رێگەپێدراو بەپێی بڕگەی 1ـی ماددەی 5ـی هەمان راگەیەنراو، هەموو رۆژێک بڕی 10 هەزار دینار سزای دواکەوتنی دەچێتە سەر.

ئەويسی خستە روو، ئەگەر هاوڵاتییەکە نەیەوێت مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتییەکە ئەنجام بدات، پێویستە سەردانی بەشی یاسا بکات بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بۆ ئەوەی سزای دواکەوتن نەیانگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...234235236237238...994