گەلاوێژخان لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥
گەلاوێژخان لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مێژووی كورد و كوردستاندا، وەك بیرەوەری و یادگارییەكی ماڵباتی بەدرخانیان بە زیندوویی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەچەسپێنێت كە ڕۆڵە دڵسۆزەكانی ئەم نەتەوە نیشتیمان بەشبەشكراوە.
دەقی پەیامەکەی گەلاوێژخان...
بەرز و شكۆداربێت یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی
لەیادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیی دا، سڵاو و درود بۆ گیانی بەرزی مامۆستای گەورە "میقداد مەدحەت بەدرخان" و هەموو شەهیدان و قوربانیان و ڕێبوارانی بواری ڕۆژنامەگەریی كوردی.
ئەم ڕۆژە، كە لە مێژووی كورد و كوردستاندا، وەك بیرەوەری و یادگارییەكی ماڵباتی بەدرخانیان بە زیندوویی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەچەسپێنێت كە ڕۆڵە دڵسۆزەكانی ئەم نەتەوە نیشتیمان بەشبەشكراوە، تەنانەت لە دەربەدەری و دوورخراوەییشدا، هەر دڵیان لای خەباتی ڕەوای نەتەوەكەیانە، ئەوەتا كاتێك عوسمانییەكان؛ بەشێك لە خەڵكی باكووری كوردستان ئاوارە دەكەن و لە زێدی خۆیان هەڵیاندەكەنن، كەچی بەدرخانییەكان؛ لە قاهیرەوە بانگەوازی شۆڕشی ڕووناكبیریی دەكەن و لەسەردەستی ئەوان یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی "كوردستان" لە 22ی نیسانی 1898دا دەردەكەن.
هەر لەیەكەم ژمارەیشیدا "میقداد"ی بەهەشتی دەنووسێت "ڕۆژنامەیەكم بەناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە، هۆشیار بكەمەوە".
لەم یادە پیرۆزەدا، لەئاستی بەدرخانییە ڕۆژنامەنووسەكان و هەموو ئەو كەسانەی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەریی كوردییان بە ئەمڕۆ گەیاند؛ دەست دەخەینە سەرسنگ و پیرۆزبایی گەرمیش لە هەموو ئەوانە دەكەین كە لە ئێستا و لە داهاتوویشدا، ئەم ئەركە سەخت و تاقەتپروكێنە لە ئەستۆ دەگرن.
بەرز و بەشكۆبێت یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی.
گەلاوێژ