سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ناڕەزایەتی بەرانبەر دەستگیركردن ‌و شكاندن ‌و رێگریكردن لە رۆژنامەنووسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێت‌ و داواش دەكات، ئازادی رادەبڕین ‌و ئازادی رۆژنامەگەری بەدوور بگیرێت لە ململانێی حزبی‌.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ناڕەزایەتی بەرانبەر دەستگیركردن ‌و شكاندن ‌و رێگریكردن لە رۆژنامەنووسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێت‌، داواش دەكات، ئازادی رادەبڕین ‌و ئازادی رۆژنامەگەری بەدوور بكرێت لەململانێی حزبی‌ و كارایی یاسای رۆژنامەگەری وەكو دەستكەوتێكی گرنگ پەیڕەو بكرێت‌.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هاتنەپێشەوەی ژنانی رۆژنامەنوس، نیشانەیەكی ئەرێنی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییە، پێویستە بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی بكرێن و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت.

هەروەها بانگەوازی هەموو رۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەرانی دەزگاكانی میدیا‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، بازنەیەكی گفتوگۆی كراوە لەپێناو رێكخستن ‌و ریفۆرمی بواری میدیادا، دەستپێبكەن ‌و هاوكاری یەكتر بن لە بەرەوپێشچوونەكان و لە رووی یاسایی‌ و پاراستنی تایبەتمەندی هاووڵاتی، هاوكات بەزمانی كوردی لەرۆژنامەگەریدا، گرنگی پێ بدرێت.