قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن کرد و تیایدا هاتووە: “یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردستان پیرۆزبێت.”

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان پیرۆزبێت.

لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردی و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە سەد ساڵی رابردوودا قەڵەم و بیر و هزر و ژیانی خۆیان خستووەتە خزمەتی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی کوردەوە.

لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری رۆژنامەگەریی کوردیدا لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و لە بەرامبەریشدا ئەرکی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، پاراستنی ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی و هەنگاونانە بەرەو پیشەیی بوونی زیاتر.