بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی نێودەوڵەتی لە گەرمیان ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا و ژمارەیەک تیرۆرست دەستگیرکران.

 

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بڵاویکردەوە، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوبەری گشتیی دژەتیرۆر، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر CTG   بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ژمارەیەک تیرۆرستیان لە سنوری گەرمیان دەستگیرکرد.

 

ئاشکراشیکرد، تیرۆرستانی دەستگیرکراو پێشینەی کاریان هەبووە لەناو دیوانی جوندی رێکخراوی تیرۆرستیی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، لە چەندین شەڕدا دژ بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوچەکانی سنوری دیالە، حەمرین، عوزێم بەشدارییانکردووە.

 

دژە تیرۆر راشیگەیاند، لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادگاکانی عێراقەوە بە ماددەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوبوون، دەستبەجێ پاش دەستگیرکردنیان رادەستی یاسا کران بە مەبەستی سزادانیان.