کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان سەردانی دەزگای میدیایی کوردساتی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگاکە جەختیان لەسەر کاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە فەرهەنگییەکان کردەوە و گفتوگۆش لەبارەی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ڤیزەی گەشتیاری کرا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی ئایار، لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان سەردانی دەزگای میدیایی کوردساتی کرد و لەلایەن دێرین لەتیف رەشید بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای میدیایی کوردساتەوە پێشوازی لێکرا.
 
لە سەردانەکەدا ئاماژە بە کاری هاوبەش لەنێوان دەزگای میدیایی کوردسات و کونسوڵخانەی چین لە هەرێمی کوردستان کرا لە بوارەکانی میدیا، گەشتیاری، ئابووری، فەرهەنگی و پیشەسازی.
 
دێرین لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەدا، دەزگای میدیایی کوردسات هەمووکات دەرگای بۆ وڵاتی چین کراوەیە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاریی نێوان هەرێمی کوردستان و چین و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ڤیزەی گەشتیاری کرا و ئەوەش خرایەڕوو کە لە ساڵی رابردوودا 600 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە خول و راهێنان سەردانی وڵاتی چینیان کردووە.