لە هەولێر ژنێک بە تۆمەتی دزیکردن لە چەند دوکانێکی زێڕەنگەری دەستگیرکرا، ئاسایشی هەولێریش دەڵێت: خاوەن دوکانەکانی سەرقاڵ کردووە و زێرێ ساختەی لەجێگەی زێرە راستیەکە داناوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی ژنمان بەناوی ( د ، ع ، ع) دەستگیر کرد ، کە هەڵسابوو بە ئەنجامدانی چەند تاوانێکی دزیکردن لە چەند دوکانێکی زێڕەنگری.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە هەڵساوە بە سەرقاڵ کردنی خاوەن دوکانەکە و زێڕی ساختەی لە جێگەی زێڕی راستی داناوە و چەند پارچە زێڕێکی دزیوە.

ئاسایشی هەولیر راشیگەیاندووە، تۆمەتبارەکە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و لە دوای ئەنجامدانی هەر تاوانێکی دزیکردن گەڕاواتەوە شارەکەی خۆی بۆ فرۆشتن و ساغ کردنەوەی زێڕەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستیان گرت بەسەر چەند پارچە زێڕێکدا کە لە شوێنێکی جەستەیدا شاردبویەوە.