سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاراندا رایگەیاند، چەکی ئەتۆم وێرانکەرە و خواستی ئەوەیان نییە بەدەستی بهێنن. باسی لەوەشکرد، "سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان رەوشتی تێدا نەماوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران بە بەشداری وەفدی 53 وڵات لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت و وەفدی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.

لە کۆڕبەندەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی بەردەم ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و پرسی ئابووری و جەنگ و چەک، مافی مرۆڤ و دۆخی ناوچەکە بە گشتیی دەخرێنە بەر باس.

لە کۆڕبەندەکەدا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە دوایین سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد و رایگەیاند، "سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان رەوشتی تێدا نەماوە، دوژمنەکانمان چەکمان پێدەفرۆشن بۆ ئەوەی یەکتری پێ بکوژین".

باسی لەوەشکرد، ئەوان بە ئاشتییانە مامەڵە دەکەن، دوژمنەکانیان دەیانەوێت ناوچەکە لە دواکەوتوویی و شەڕدا بمێنێتەوە.

لەبارەی ئیسرائیل و هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە ئەوەی خستە روو، ئیسرائیل رۆژانە مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.

 

ئارەزووی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم ناکەین

 

لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئەوەی خستە روو، ئەوان خواستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیان نییە، چونکە چەکێکی وێرانکەرە. ئەوەش لە کاتێکدایە، پرسی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم یەکێکە لە مشتومڕاویترین خاڵيکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.