بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەسەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان سبەینێ کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی-سلێمانی بەڕێوەدەچێت. 

لەوبارەیەوە سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: کۆڕبەندەکە پلاتفۆڕمێکی نوێی جیهانییە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆ یەکەمین جارە لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

وتیشی کۆڕبەندی دێلفی یەکێکە لەدیارترین کۆڕبەندە ئابورییەکان کە چەندین کەسایەتی باڵای عیراق و یۆنان و هەرێمی کوردستان و گەورە بازرگانان و خاوەن سەرمایەکان و وەزیران و شارەزایانی جیهانی کۆدەکاتەوە، بۆ تاوتوێی پرسە جیهانی و هەرێمایەتیەکانی ئێستا و وێناکردن و داڕشتنی سیاسەت و ئاراستە ئابورییەکان، بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکان لەسایەی گۆرانکاری بازرگانی و کێشمەکێشەکانی ناوچەکەدا.

سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشدا، لەکۆڕبەندی ئابوری دێڵفی دا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، گۆڕینی وزە، هەمەچەشنیی ئابووری، دەکرێت سەرباری جەختکردنەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمدا، لەم بارەیەوە وتەبێژی قوباد تاڵەبانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کۆڕبەندەکە کاریگەری دەبێ لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئابوری لەهەرێمی کوردستان و عیراق و چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان و چۆنێتی پتەوکردنی لە بوارەکانی ئەمنی و دیبلۆماتیدا.

بە وتەی سەمیر هەورامی، کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی-سلێمانی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی سکرتاریەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دێسکی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس)، بەڕێوەدەچێت.