نەوزاد كامیل: هەركەسێك كارتی نیشتمانی نەبێت ناتوانێت فۆڕمی خۆراكەكەی بكات بە ئەلیكترۆنی
هادی
١٧ی ئایاری ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم دەڵێت هەركەسێك كارتی نیشتمانی نەبێت ناتوانێت فۆڕمی خۆراكەكەی بكات بە ئەلیكترۆنی.
نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا بابەتی بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەستپێكردووە، لە رێگەی ئەپڵیكەشنێكەوە كە لە مۆبایلی زیرەكەوە وەڵامی پرسیارەكان دەدرێتەوە و هەموو پرسیارەكانیش پەیوەندییان بە فۆڕمی خۆراكەوە هەیە.
وتیشی، لەبەرئەوەی كارتی نیشتمانی كراوە بە بنەما، ئەگەر كەسێك كارتەكەی نەبێت، ناتوانێت فۆڕمەكە پڕبكاتەوە و لەو كاتەشدا فۆڕمی خۆراكی رادەگیرێت و بەشەخۆراكی پێنادرێت تا ناسنامەكەی دەكات بە كارتی نیشتمانی.
بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، لە داهاتوویەكی نزیكدا لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش، بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك دەستپێدەكات.