لە هەولێر حاڵەتێکی نوێی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا، توشبووەکە لە بنەڕەتدا خەڵکی موسڵە
محەمەد رزگار
١٨ی ئایاری ٢٠٢٥
حاڵەتێکی دیکەی توشبوو بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکرا، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: توشبووەکە خەڵکی شاری موسڵە.
وەزارەتی تەندوستی هەرێم بڵاویکردەوە، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا ئەویش ژنێکی دانیشتووی بعاجی سەر بە پارێزگای نەینەوایە و تەمەنی 27 ساڵە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەبوونی نیشانەکانی، روو لەشاری هەولێر دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، بەهۆی بوونی نیشانەکان و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی دەگیرێتەبەر، لە ئێستادا لەشاری هەولێر لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت.
وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاووڵاتیان دەکات رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێبکەن، هەرەوەها لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
راشیگەیاندووە. هاووڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی مانگی رابردوو، تەنها دوو حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە حالەتێکیان لەشاری دهۆک بوو هەفتەی رابردوو لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حالەتی دووەم بە تەواوی چاکبووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە.