کوردستانکوردستان

سیاسەتمەدارێک دەڵێت: کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد درێژخایەنن و نابێت هەرێم پاساو بۆ بەغداد بهێڵێتەوە.

ئەبوبەکر هەڵەدنی سیاسەتمەدار لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند: هەرێم بەشێک لە پاپەندییەکانی بەرانبەر عیراق جێبەجێ نەکردووە.

وتیشی، بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد درێژخایەنن، هەروەها کێشەکانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ حکومڕانی ناتەندروست.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەوەشی خستەڕوو، شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم بەغدادە، هاوکات تا هەرێم نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەست نەکات بەغداد موچە نانێرێت.

ئەو سیاسەتمەدارە لە میانی قسەکانیدا ئاماژەی بە کارامایی سەرۆک مام جەلال کرد و رایگەیاند، لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال لەکاتی نانخواردنی بەیانی کێشەی قوڵی چارەسەر دەکرد، هەروەها کێشە گەورەکانی زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕاند.

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وتی: دەبێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان.

ئەبوبەکر هەڵەدنی دەشڵێت: گەورەترین چەکی هەرێم یەکڕیزی ناوخۆییە بۆ روبەروبونەوەی کێشەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئامادەیبوو دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هاریکارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سەختی دۆخی هاونیشتمانییان بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی کرد و رایگەیاند، نابێت ئەو لێکتێگەیشتنەی لەسەر موچە کراوە بەربەستی بۆ دروستبکرێت، هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی و بەردەوام لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیداین.

سەرۆک بافڵ وتی، ئێستا دەبێت تیمە تەکنیکییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەر ئاستەنگێک بێتە پێشەوە دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.

لای خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا رۆڵی سەرۆک بافڵی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتن بەرزنرخاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەولێر کچێک بە تۆمەتی کوشتنی باوکی خۆی دەستگیرکرا، ئاسایشی هەولێریش دەڵێت: هاوسەر و برای کوژراوەکە بە تۆمەتی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: دوای ئەوەی لە ناحیەی شەمامک هاووڵاتییەک کوژرا، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبار دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان کچ و هاوسەر و برای کوژراوەکەن، تۆمەتباری سەرەکی کچەکەیەتی و هاوسەر و برای کوژراوەکە بە تۆمەتی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکراون.

ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کێشەکە کۆمەڵایەتیە و بە چەکی جۆری 'کڵاشینکۆف' تاوانەکە ئەنجامدراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردە خشتەی خولی دووەمی تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 12ی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی 23ی ئاب دەست بە تاقیکردنەوەی خولی دووەم دەکرێت و رۆژی 8ی مانگی ئەیلوول کۆتایی پێدێت.

بەپێی خشتەکە، یەکەم تاقیکردنەوە وانەی زیندەزانی دەبێت بۆ بەشی زانستی و لە بەشی وێژەییشدا وانەی مێژوو دەبێت.

بەهەمان شێوە لە بەشە پیشەییەکانیشدا رۆژی 23ی ئاب دەست بە تاقیکردنەوە دەکرێت و رۆژی 8ی ئەیلوول کۆتا تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە دەباشان کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چوونەتە بەغداد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی موچە، ئێستا کە کاتی جێبەجێکردنیەتی هیوادارە هیچ لەمپەرێک دروست نەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کراوەتەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

لەبارەی لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چووینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی مووچە، چونکە مووچەخۆران لە دۆخێکی سەختدان، ئێستاش کە کاتی جێبەجێکردنیەتی هیوادارم هیچ لەمپەرێک دروستنەکرێت، هەروەها لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

سەرۆکی یەکێتیی راشیگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە هەیە و هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی موچەخۆرانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی دەڵێت: لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق پێی راگەیاندین، هەر کاتێک حکومەتی هەرێم مەرجەکانی رێککەوتنەکەی جێبەجێکرد راستەوخۆ موچە دەنێرین.

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، تەیف سامی گەشبین بوو بە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد، بەڵام وەزیری دارایی عیراق ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەرێم مانگانە 120 ملیار داهاتی ناوخۆ بنێرێت، هاوکات هەرنادەکردنەوەی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە و رۆژانە بڕی 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

وتیشی، هەر کاتێک هەرێم مەرجەکانی رێککەوتنەکەی جێبەجێکرد راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە دەنێردرێت.

د.نەرمین مەعروف ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی هاوبەش بەدواداچوون بۆ داهاتی ناونەتیی هەرێم دەکات، هەروەها لە دوو رۆژی داهاتوودا راپۆرتی تایبەت بە رەوشی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تەواو دەبێت و رادەستی حکومەتی عیراق دەکرێت.

سەبارەت بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، دەبێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا پرسی بە بانکیکردنی موچە لە هەرێم تەواو بکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەولێر باندێکی مامەڵەکار بە دۆلاری لیبی و ئاڵوگۆڕی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی دەستگیرکران، کە لە سۆشیاڵ میدیاوە رێکلامیان دەکرد و هاووڵاتیانیان فریو دەدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند،  دوای تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییەک لەسەر ئەوەی کەوا لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری هەولێر پارەی لێ دزراوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و دەرکەوت کەوا باندێکی چوار کەسی، کە بە ڕەگەز عەرەبی سورین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ریکلامیان دەکرد بە دراوی لیبییەوە یاخود ئاڵوگۆڕی 100 دۆلار بە 130 هەزار دیناری عیراقی بە نرخی بانکی ناوەندی، دوای ئەوەی کەوا لەگەڵ مامەڵەکارەکە رێکدەکەون بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی پارەکە بکەن و لە شوێنێک یەکتر ببینن، بە بیانووی ژماردنی پارەکە، پارەکە وەردەگرن و بۆ شوێنێکی نادیار رادەکەن.

پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی زیادبوونی خۆڵبارین لە عیراق و زیانەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، زیانەکانی خۆڵبارین لە عیراق رۆژانە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی سروشت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و شێوەی ژیان و تەندروستی و خۆراک و خاک دروست دەکات و زیانەکانی لە رووی ئابووریشە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە راپۆرتەکەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمدا ئاماژە بەوەکراوە، تێچوونی ئابووری گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی زۆرە، بەوپێیەی سەرچاوەی رێژەی 80٪ی خۆڵی جیهان لە بیابانەکانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە.

بەپێی راپۆرتەکە، تێچووی ساڵانەوەی رووبەڕووبوونەوەی گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی ساڵانە بە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە

 

ئەوەش هاتووە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە و لە عیراقیش زریانی بەهێز رویداوە، کە بەهۆیەوە نەخۆشخانەکان پڕ بوون لەو نەخۆشانەی گرفتی هەناسەدانیان هەیە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راشیگەیاندووە، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی و خۆڵبارین لە عێراق زیادیکردووە و روانگەی "عیراقی سەوز" زیانەکانی خۆڵبارینی بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا خەمڵاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی لە گەردەلولەکانی خۆڵبارین بەرکەوتووە و تەنها لە ساڵی 2023دا 158 رۆژ خۆڵبارین تۆمار کراوە.

باس لەوەشکراوە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی داوای لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە خۆڵبارین بخەنە ناو ئەجێندای جیهانی و نیشتمانییەوە، چارەسەر هەیە بەڵام پێویستی بە "بڕیار و بودجەی بەکۆمەڵ" هەیە بۆ فراوانکردنیان.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی، خۆڵبارین کاریگەری لەسەر 330 ملیۆن کەس و 150 وڵات لە جیهاندا هەیە، ئەگەرچی گەردەلولەکان بوونەتە دیاردەیەکی ناسراو، بەڵام دەبێت هەنگاوی کرداریی و مەبەستدار و هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.

هاوکات، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی گەردەلولەکانی خۆڵبارینەوە ساڵانە حەوت ملیۆن کەس پێشوەختە گیان لەدەست دەدەن، یان توشی گرفت و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ دەبنەوە، ئەوە جگە لە کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە و بوون بە هۆکارێک بۆ دیاردەی کۆچکردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ هەولێر کردەوە و راشیگەیاند: ئامادەین ئەزمونی خۆمان بخەینە خزمەتی عیراق و هاوکارییان بکەین.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمەکەدا وتەیەکی پێشکەشكرد و رایگەیاند، "پرۆژەکە لەلایەن دەستی ناوخۆوە جێبەجێکراوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، "ئامادەین ئەزمونی خۆمان بخەینە خزمەتی هەموو عیراق، ئەگەر پیویستییان پێمان بێت بۆئەوەی بزانن چۆن خزمەتی هاووڵاتیان بکەن ئێمە ئامادەین ئارمەتییان بدەین".

"هاووڵاتیمان کردووەتە گەورەترین ئامانجی خۆمان و دەمانەوێت هاووڵاتییان خۆشبەخت بن"، مەسرور بارزانی وادەڵێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان بە گشتى ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، بەهەمان شێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە.

بەرترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر :  42 پلەی سیلیزی 

سلێمانی : 40 پلەی سیلیزی

دهۆک :  40  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  :  41 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 41 پلەی سیلیزی

سۆران :  41 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 30 پلەی سیلیزی

گەرمیان 45 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغداد لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و تاوتوێی دوایین لێكتێگەیشتنی نێوان عیراق و هەرێمیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم كرد.

نووسینگەی راگەیاندنی د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی د.محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی، گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین لێكتێگەیشتنی عیراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختیشكرایەوە، لە گرنگی زمانی گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵنگارییەكان و پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییانی عیراق لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەشدا، فراكسیۆنی یەكێتی چەند داواكارییەكی پەپوەست بە مافی هاوڵاتییان لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان گەیاندە سەرۆك وەزیرانی عیراق و ناوبراو رەزامەندی لەبارەیانەوە دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممە یاخود سێشەممە موچەی مانگی پێنج رەوانەی هەرێم دەکرێت، هاوکات لە سبەینێوە دەست بە ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت.

محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ یەکشەممە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار، وەکو داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی پێنج رەوانەی حکومەتی فیدراڵ بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سبەینێوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران دەکات.

سەرچاوەیەکی تایبەتیش لە وەزارەتی دارایی عیراقەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای گەیشتنی بڕی داهاتی ناوخۆی مانگی پێنج، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە یاخود سێشەممە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، پارەی موچەی مانگی پێنج فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهای دینار بەرانبەر دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و100 دۆلاری ئەمریکی بە 140 هەزار دیناری عیراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکرد، دەشڵێت. دابەشنەکردنی موچە و کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی دۆلار یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دۆلار.

وتیشی، ئەگەر کەسێک بیەوێت 100 دۆلار بفرۆشێت 140 هەزار دینار دەکات، بەڵام ئەگەر 100 دۆلار بکرێت بە 140 هەزار و 100 پێی دەفرۆشرێت.

هاوکات خاوەن نوسینگەیەکی ئاڵوگۆری دراو لە هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هاووڵاتیان زیاتر دێن دۆلارەکانیان دەفرۆشن و دەیکەنەوە بە دینار، چونکە ترسیان هەیە زیاتر بەهاکەی  داببەزێت.

جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕیارە سبەینێ وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عیراق سەردانی هەولێر بكات و بەدواداچوون بۆ بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بكات.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، وەفدەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئەندامێتی نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆ سەردانی هەولێر دەكات و بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم، بەدواداچوون بۆ بڕی راستەقینەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان و داهاتەكەی و هەروەها هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەكە دەكات، دواتر بە راپۆرتێك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر بنەمای راپۆرتی كۆتایی ئەو وەفدەی وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگەكانی حوزەیران و دواتر دەدات.

بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە بە هەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان كرا، هەرێم دەبێت مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە نزیكی 230 هەزار بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی عیراق، تاكو لە بەرانبەردا حكومەتی ناوبراو موچە و بودجەی هەرێم بنێرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە عەلی باپیر دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و دەڵێت: هیوادارم کۆنگرە راسپاردە و بڕیاری نوێی لێ بەدەستبێت کە  بەرنامەی سیاسی ئەم حزبە پەرەپێبدات.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...

بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی پێنج و هەڵبژاردنەوەتان بەسەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پیرۆزباییتان لێ دەکەم.

بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی پێنج و هەڵبژاردنەوەتان بەسەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پیرۆزباییتان لێ دەکەم.

هیوادارم کۆنگرە راسپاردە و بڕیاری نوێی لێ بەدەستبێت کە  بەرنامەی سیاسی ئەم حزبە پەرەپێبدات، سەرەنجام بەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکەوێتەوە و دەستێکی خێر و دڵسۆزانەی نیشتمانیی بێت بۆ یەکڕیزی نێوماڵی کورد و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان.

دوبارە پیرۆزبێت و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە نێو روباری گەلی عەلی بەگ گەشتیارێکی تەمەن 25 ساڵ خنکا، بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت: توانرا لە دوای 20 خولەک تەرمەکەی بدۆزرێتەوە و دەربهێنرێتەوە.

رەوەند مەغدید وتەبێژی بەرگری شارەستانی سۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کاتژمێر 2:45 خولەک ئاگادارکراینەوە  گەنجێکی تەمەنی 25 ساڵ  لەکاتی مەلە کردن  لە روباری گەلی عەلی بەگ خنکا، دەشڵێت، دوایی 20 خولەک لەخنکانی  لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنی سەر بەڕێوەبەرایەتی  بەرگری شارستانی تەرمەکەی بهێندرێتە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراو، دوایی رێکارە پزیشکیەکان رادەستی کەس و کاری کرایەوە.

جێگەی ئاماژەیە گەنجەکه دانیشتووی قەزای خەلیفانە ناوی "محمد حسن" ە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...154155156157158...956