دوای راگرتنێکی کاتی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە
راهۆز
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای وەستانێکی کاتی بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ئاسایی بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری راوەستانەکە پڕبوونی کۆگاکانی نەوت بووە لە بەندەرەکەدا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، "بەهۆی دروستبوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە بەندەری جەیهانی تورکی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرەکە راوەستا."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە "لەکاتی ئێستادا ئەم کێشانە بەتەواویی چارەسەرکراون و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە دەستی پێکردەوە و بەردەوامە."



