ئەمڕۆ هەینی، لە میانی وتارێکدا لە "یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆک مام جەلال، راستی و هەڵوێستە مێژووییەکان" کە لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەرنامە و پەیڕەوکردنی لۆجیکی مام جەلال کردەوە بۆ روبەروبوونەوەی کێشەکان.

قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "مام جەلال تەنیا باوکی ئێمە نەبوو، باوکی شۆڕشێک بوو، مامی هەمووان بوو. ئەو موڵکی هەموو عیراق بوو و پێویستە بەرنامەکەی جێبەجێ بکەین."

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بنەما سەرەکییەکانی بیری مام جەلال کرد و وتی: "مام جەلال بڕوای تەواوی بە ئازادی، ئازادیی رادەبڕین، راگەیاندنی ئازاد، ئاشتی و یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبوو و خەباتی لەپێناو ئەو ئازادییەدا کرد."

هەروەها قوباد تاڵەبانی وتیشی: "مام جەلال خەباتی بۆ سەروەریی یاسا دەکرد و باوەڕی وابوو هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بمایە، شانازیی بە پێشکەوتنەکانی ئێستای سلێمانی و هێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکرد کە توانیویەتی روبەڕووی ئاڵنگارییە سەختەکان ببێتەوە.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "پێموایە ئەگەر لۆجیکی مام جەلال پەیڕەو بکەین، دەتوانین بە ئاسانی روبەڕووی کێشەکان ببینەوە و تێیانپەڕێنین. پێویستە سوود لە نووسین و دیدگای مام جەلال وەربگرین تاوەکو لە رێگەیەوە خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین."

هاوکات ئاماژەی بەوەدا؛ مام جەلال، مام جەلال نەدەبوو ئەگەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی لەگەڵ نەبوایە.