سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە سەرجەم کاندید و لایەنە سیاسییەکان کە ئەو پۆستەر و ستاندانەی بانگەشە کە بەشێوەی سەرپێچی لەسەر بلوار و شوێنە سەوزاییەکان دانراون، لە ماوەی دوو رۆژدا لاببەن. شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە بە پێچەوانەوە، رێکاری پێویست وەردەگرێت.

شارەوانی ئاشکرای کردووە کە پێشتر بە نووسراوی رەسمی کۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان بن و زیان بە سەوزایی، بلوارەکان، ستوونی کارەبا و سیستەمی ئاودێری نەگەیەنن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەداخەوە کۆمەڵێک پۆستەر و ستاند دانراون لە ناو بلوارەکانی شەقامی مەلیک مەحمود و تاسڵوجە -سلێمانی و ئەمڕۆ سەرجەمیان تێبینی کران کە دوورە لە رێنماییەکانمان و هۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە بلوارەکان و باخچەکان و سەوزایی و وشکبوونیان و ناتوانرێت رۆژانە کاری ئاودێریکردنیان بۆ ئەنجام بدرێت."

لەبەر ئەم هۆکارە، شارەوانیی سلێمانی داوا لە سەرجەم کاندید و لایەنە سیاسییەکان دەکات کە لە ماوەی دوو رۆژدا هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی کە بە پێچەوانەی رێنماییەکانەوە دانراون.

لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، شارەوانی هۆشداریی داوە کە وێنەی سەرجەم سەرپێچییەکان لەلایەن وێنەگری تایبەتەوە گیراون و پارێزراون، ئەگەر لەو ماوە دیاریکراوەدا پۆستەرەکان لانەبرێن، "ناچار هەڵدەستین بە وەرگرتنی رێکاری پێویست."