ئاگر لە بەنزیخانەیەکی شاری هەولێر کەوتەوە
محەمەد رزگار
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەیانی ئەمڕۆ بەنزینخانەیەک لە گەڕەکێکی شاری هەولێر گڕیگرت و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا پێنج کەس برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەنزینخانەیەک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر کەوتووە و بەهۆی ئاگرەکەوە پێنج کەس برینداربوون، کە کارمەندانی بەنزینخانەکەن.
وتیشی، ئاگرەکە تا ئێستا بەردەوامە و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیدان.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگریش کە لە نزیک بەنزینخانەکە بوونە ئاگریان گرتووە.
هاوکات بەپێی وتەی شایەت حاڵێکی روداوەکە، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەهۆی جگەرەوە یاخود خراپی کوالێتی بەنزینەوە بووە.



