بەئامادەبوونی ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، هەریەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، هیوا عەبدوڵڵا و وەستا رەسوڵ، رێوڕەسمی ناساندنی کاندیدان لە چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، کەتێیدا كاندیدەكان جەختیان لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری كەركوك كردەوە.

براکۆ شێرکۆ فاتیح کاندیدی ژمارە ٢٢ لەسەر لیستی ژمارە ٢٢٢ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی کەرکوک لەلێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، وەک چۆن یەکێتی لە رابردوودا خزمەتی کەرکوکییەکانی کردووە، ئەوانیش بەهەمان شێوە لەسەر رێبازی یەكێتی، هەموو هەوڵەكانیان بۆ خزمەتكردنی زیاتری كەركوك دەخەنەگەڕ.

وتیشی، بەڵێن دەدەین بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی خاکی پیرۆزی کەرکوک و کەرکوکی قودسی کوردستان.

براکۆ شێرکۆ فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی کەرکوک دڵنیا دەکەنەوە پێشمەرگە ئاسا داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن.