کوردستانکوردستان

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا هۆشداریی بڵاوکردەوە سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی فێڵکردن و قۆڵبڕین لە هاوڵاتیان بە ناوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانییەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کە ئەمڕۆ 13ی ئابی 2025 دەرچووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەندین کەسی نەناسراو و ساختەکار، بە ناوی فەرمانبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی و وەزارەتەوە پەیوەندییان بە ژمارەیەکی زۆر لە خانەوادەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانەوە کردووە.

ئەو کەسانە بە بەڵێنی دابینکردنی مووچەی کەمئەندامی و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، داوای زانیاریی کەسی و وێنەی کارتی نیشتمانییان لە هاوڵاتیان کردووە. هەروەها داوایان کردووە کە ناوی کەسانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت، نەخۆش، یان بەساڵاچوویان پێبدەن بۆ ئەوەی ناوی ئەوانیش تۆمار بکەن.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا هاتووە: "دواتر ئەو گروپە ساختەکارانە بە ناوی ئەو کەسانەوە پەیوەندییان بە خانەوادەکانیانەوە کردووە و داوای ناردنی کارتی مۆبایل و حەواڵەکردنی پارەیان لێکردوون."

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی ئەم فێڵە و زیانی ماددییان بەرکەوتووە.

لەکۆتاییدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەوە کردۆتەوە کە "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم جۆرە کارانە نییە و ئەمە بەشێکە لە فێڵکردن". هەروەها رایگەیاندووە کە لە کاتی پێویستدا، خزمەتگوزاری و ئاگادارییەکانی خۆی تەنها لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بڵاودەکاتەوە و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر بەو گروپ و کەسانە دەگرێتەبەر کە دەستیان لەم کارەدا هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە بریجیش کومار، کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان کرد و ئامادەیی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ سەرکەوتن لە ئەرکەکەیدا.

هەروەها سوپاسی کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەو وڵاتەشی کرد لە هاوکارییەکانی بە تایبەت لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شێوازی حکومڕانی و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەروەریی یاسا و بەهێزیی دامەزراوەکانی حکومڕانی کرد وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەر وڵاتێک.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی کەرتی تایبەت، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی کارسازی و تواناکانی هێزی کاری گەنجان و سوپاسی حکومەتی هیندستانیشی کرد کە لە ماوەی رابردوودا لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردوە.

داواشیکرد کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان زیاتر هاوکاربێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی کارسازی و تەکنەلۆژیادا بەوپێیەی هیندستان ئەزمونێکی دەوڵەمەند و سەرکەوتووی لەمبارەیەوە هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، زاوایەک لە گوندی قەمچوغە لە قەزای دووکان دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی خەزووری دەکات و دوو کەس دەکوژێت و چوارکەسی دیکەش برینداردەکات.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە دووکان رایگەیاند: روداوێکی تەقەکردن لە قەزای دووکان رویداوە، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە لەنێویاندا ئەنجامدەری  روداوەکەی تێدایە. 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لەو سنورە، زاوایەک دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵی خەزووری خۆی کردووە، لە ئەنجامدا خێزانی خۆی و میوانێکی ماڵەکەکوژراون. هەر لەو روداوەدا، چوار کەسی دیکە بریندار بوون، کە یەکێکیان خودی ئەو کەسەیە، کە تەقەکانی ئەنجامداوە.

بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دووکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، و تەرمی کوژراوەکانیش رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی پلانێکی نوێ و هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی پارێزگای هەڵەبجە دادەڕێژێت و پلانەکە خۆی لە کەرتی ئابوری، گەشتیاری، کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆی دەبینێتەوە.

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوونەوە، هاوکات پلانێکی نوێ بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکە دادەڕێژرێت.

لە کۆبوونەوەکە  بە "زۆر باش و ئەرێنی" وەسفکرا، تیشک خرایە سەر داواکاری و پێداویستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی نەخشە رێگەیەکی نوێ بۆ خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە.

لە میانی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەڵەبجە لە نزیکەوە داواکاری و کێشەکانی پارێزگاکەی خستەڕوو، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد، بۆ پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی كە هەمیشە و بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیدان بە هەڵەبجە کردووەتەوە و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا.

لەکۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەکانی داوە، ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ و کرداری دەبینرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە و وەرگێڕانی پلانەکان بۆ واقیع، کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لەوەی هەڵەبجە پشکی شایستەی خۆی لە ئاوەدانی و پێشکەوتن وەردەگرێت.

یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، رێککەوتن بوو لەسەر داڕشتنی پلانێکی نوێ و هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی پارێزگای هەڵەبجە، ئەم پلانە نوێیە کار لەسەر گەشەپێدانی کەرتە گرنگەکانی وەک ئابوری و گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی دەکات، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری پارێزگاکە و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای سلێمانی بڕیار لەسەر جۆری سزاکەی شاسوار عەبدولواحید دەدات، ئەو مادەیەی کە ئەو تۆمەتبارەی پێدەستگیرکراوە مادەی ٤٣١ـی یاسای سزادانی عیراقییە. 

لەو بارەیەوە سەڵاح حسێن جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دۆسیەی ئەم تۆمەتبارە لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بووە ودەستگیرکراوە، هەروەها لەبەر ئەوەی تۆمەتبار ئامادەنەبووە لە هیچ دانشتنێکی دادگا ئامادە بێت، دادگا ناچاربووە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ماوەی شەش بۆ دەربکات بەشێوەی ئامادەنەبوون.

وتیشی، وەکو دادگای سلێمانی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە پەیوەندی بە دەستێوەردانی حزبییەوە هەیە، هەموو ئەو رێکارانەی کە بەرانبەر بەو تۆمەتبارە و تۆمەتبارەکانی دیکەش دەگیرێتەبەر تەنها رێکاریی یاساییە، هیچ حزبێک و هیچ دەسەڵاتێک دەستتێوەردانی لەم دۆسییە و دۆسییەکانی دیکەدا نەکردووە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ شەو پۆلیسی سلێمانی بە بڕیاری دادوەر، شاسوار عەبدولواحید بە مادەی ٤٣١ سزادانی عیراقی دەستگیرکرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی نێوان خۆسەریی و دەسەڵاتی دیمەشق دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، تێكەڵكردنەوەی هەسەدە وەك بەشێك لە سوپای سوریا خزمەتی سەقامگیریی وڵاتەكە دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، پاریس و واشنتۆن پێكەوە پشتیوانی لە دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق دەكەن و هەوڵی لەیەکتر نزیككردنەوەی تێڕوانینەكانی هەردوولا دەدەن.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، فەرەنسا لە پێناو سەقامگیریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر گرنگی بە بەشداری و تێكەڵبونی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا دەدەن.

هەروەها پاریس جەختی لەوەكردووەتەوە، هاوشێوەی رابردو پابەندە بە دۆزینەوە چارەسەری ئاشتییانە بۆ سوریایەكی ئازاد و سەقامگیر.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەوە كردوەتەوە، پێویستە بۆ بونیادنانی سوریایەكی بەهێز لە ناوچەكە و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەوڵی نزیككردنەوەی دید و بۆچونی خۆسەریی باكوری سوریا و حكومەتی كاتیی دیمەشق بدرێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، نەجمەدین فەقێ، لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری و لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن ئامادەبوون.  عیماد ئەحمەد روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەرک، گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی میدیای یەکێتی پێشکەشکرد و جەختی لە پابەندبوون بە سیاسەتی میدیایی پیشەیی، کوردستانی و بەرپرسیارانەی یەکێتی کردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ماندووبوون و رۆڵی پیشەییانەی میدیاکارانی یەکێتی کرد کە بە ئەمانەتەوە ئەرکەکانیان رادەپەڕێن و پابەند بە ستراتیجی نیشتمانی و هاوسەنگیی یەکێتییانە پەیامەکانیان دەگەیەنن و وتی، ئەمە ئەو رێگا دروستەیە کە میدیاکانمان لە میدیاکانی دیکە جیادەکاتەوە.

لەبارەی ئەرکی میدیاکانی یەکێتی لەم قۆناغەدا، سەرۆک بافڵ تیشکی خستەسەر گۆڕانکارییەکان و سیاسەتی کارکردنی میدیایی بۆ ئەم قۆناغە روونکردەوە و رایگەیاند، نابێت راگەیاندنی یەکێتی بەشێک بێت لە کێشەکان، بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە چارەسەر، پاراستنی یەکڕیزی و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ، ئەمەش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەنگین و هاوسەنگ لەسەر بنەمای ئیتیک و پیشەی راگەیاندن دەبێت و پێویستە هەرگیز لە وتنی راستییەکان سڵ نەکەنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە پێویستیی گەشەپێدانی لایەنی هۆشیاری و رۆشنبیری لە سەرجەم ئۆرگانەکان کردەوە. هەروەها سوپاسی هەڤاڵانی مەکتەبی هۆشیاری کرد و داوایلێکردن زیاتر گرنگی بە چالاکییەکانیان بدەن و هاوکاربن لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی یەکێتی و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت، لە هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، وەزیری وزەی توركیاش دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەگەڕێنتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا لە بەغداد ئاماژەی بەوەدا، عیراق دەستكەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بواری وەبەرهێنانی غاز و پاڵاوتنی نەوت و لەئێستادا كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانای هەناردەكردن لە دەروازەكانی باشووری وڵات و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "عیراق تاوتوێ و وردبینی بۆ پێشنیازەكانی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری بانیاسی سوریا و بۆری تەرابلوسی لوبنان دەكات".

هاوكات، ئاڵپئاسڵان بایراكتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەگەڕێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت: هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێوەیەکی گونجاو تێکەڵ بە سوپای سوریا دەبن.

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی نورەدین سۆفی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەو هێزە ئەمنییانەی کە نورەدین سۆفی تێیدا خزمەتی کردووە، بە شێوەیەکی دروست تێکەڵ بە دەوڵەت دەبن.

وتیشی، بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بەرگرییەی کە کردوومانە لە رابردوودا،  تا لە داهاتوودا دەگەین بە هەموو ئامانجەکانمان.

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دیمەشق لە دانوستانداین و بە رێگەیەکی گونجاو هێزەکانی هەسەدە تێکەڵی سوپای سوریا دەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە وەفدێکی باڵای ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەری لە دیمەشقە و  بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس لەگەڵ ئەسعەد شەبینای وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی لامەرکەزیی و چەندین پرسی دیکە کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە گوينده‌لن گرين، كونسوڵى گشتيی نوێ و ستيف بيتنه‌ر، كونسوڵى گشتيی پێشووى ئه‌مریکا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە د. هاوڕی شێخ دارۆ و تەلار لەتیف، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ پیرۆزبایی لە گوينده‌لن گرين کرد و پشتگیریی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە. هەروەها سوپاسی ستيف بيتنه‌ری کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

لە کۆبوونەوەکەدا پرسە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان خرایەبەر باس و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا. بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پێشخستنیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان دووپاتکردەوە.

كونسوڵى گشتيی نوێی ئەمریکا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بافڵی کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا تەرمی نورەدین سۆفی لە قامیشلۆ بەخاک بسپێردرێت.

 نورەدین سۆفی له‌ساڵى 2013وه‌ چوەتە رۆژئاواى كوردستان ‌و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەپەگە و فەرماندەی باڵای یەپەگە بووە.

ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە دوێنێ لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، نوردین سۆفی لە هێرشەکانی تورکیا لە 6ـى نیسانى 2021 لە چیاکانى هەرێمى کوردستان گیانی لەدەستداوە.

نورەدین سۆفى ناوى راستەقینەى خەڵەف محەمەدە، خەڵکى رۆژئاواى کوردستانە و لە ساڵى 2009 بووەتە فەرماندەى ناوەندیى پاراستنى گەل.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەدوادە و کەسوکاری تێکۆشەری دێرین یاسین عوسمان دەکات.

 

دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی...

بەڕێزان  خانەوادە و کەسوکاری تێکۆشەری  دێرین کاک  یاسین عوسمان

بۆ کۆچی دوایی  هەڤاڵ یاسین عوسمان  تێکۆشەری دێرین  و برای هەردوو پێشمەرگەی دێرین  شەهاب عوسمان و حەمە عوسمان  و شەهیدی  گۆڕ وون  کەریم  عوسمان ، لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان  ئاڕاستەی  بەڕێزتان  و گشت هاوڕێ و هەڤاڵانی  دەکەین

لەیەزدانی  مەزن داواکارین  کۆچکردوو  بە  بەهەشتی بەرین  شاد  بکات  و ئارامی بە گشت لایەک  ببەخشێت

 

انا للە وانا الیە  راجعون

 

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە ناوچەکانی هەرێم کردەوە، چەندین کەس لە شاری هەولێر بەهۆی تەنگەنەفەسیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

سامان سەلمان بەرێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی  شەپۆلێکی خۆڵبارین شاری هەولێری گرتەوە ، 14 حالەتی تەنگەنەفەسی بەهۆی خۆڵبارینەوە لەنەخۆشخانەکانی هەولێر تۆمارکراون.

راشیگەیاند، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، سەرجەم ئەو کەسانە نەخۆشخانەیان جێهیشتوە.

ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کوردستان کردوە و پیشبینیش دەکرێت لە سبەینێوە کاریگەریەکانی شەپۆلی خۆڵبارین لاوازبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژن و پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە لە پارێزگای دیالە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان کوشتووە.

 دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کوشتنی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە 2025/8/7 لە پارێزگای دیالە، لەلایەن  ژن و مێردێکی بەخێوکەر و هەڵاتنی تۆمەتباران بەرەو هەرێمی کوردستان، بەپێدانی زانیاری هەواڵگری لەلایەن (خلية الصقور)ی پارێزگای کەرکوک سەر بە هەواڵگری عێراق، دەستبەجێ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتباران ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان شەوی 2025/8/10 لەقەزای چەمچەماڵ هەردوو تۆمەتباری داواکراو  دەستگیربکەن و بەپێی تایبەتمەندی کەیسەکە دوای لێکۆڵینەوە هەردوو تۆمەتباری بکوژ رادەستی هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکرێنەو.

 لەئێستاشدا تۆمەتباران بە ماددەی(٤٠٥) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی  ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری  لە قەڵاچوالان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر کرد و رۆڵی بەڕێوەبەری گشتی و هێزەکانی دژەتیرۆری بەرزنرخاند .

لە دیدارێکدا جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لەنێوان سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق کرایەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی لە وڵاتدا.

جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، رۆڵی بەڕێوەبەری گشتی و هێزەکانی دژەتیرۆری بەرزنرخاند لە پاراستنی ئارامی هەرێم و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و وەک هەمیشە پشتیوانی و پشتگیری بۆ سەرخستنی ئەرک و بەرپرسیارێتیە نیشتمانییەکانیانی دووپاتکردەوە .

لەبەرانبەردا وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر، رۆڵی سەرۆک و ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری بەرزنرخاند لە هاوکاری و هاریکارییەکانیان بۆ سەرخستنی ئەرکە ئەمنی و کردە سەربازییەکانیان لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەدریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا لە سەرجەم بوارەکان کرایەوە، بە تایبەت لە بواری کەرتی ئابووری و کشتوکاڵدا.

سەرۆک بافڵ ئامادەیی یەکێتی بۆ هەموو جۆرە کارئاسانییەک دەربڕی، تاوەکو کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بەشداریی لە بەهێزترکردنی ژێرخانی کەرتی کشتوکاڵ بکەن.

هەردوولا چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدادیان لەسەر بنەمای گفتوگۆ بە پێویست زانی و سەرۆک بافڵ وتی، پێویستە هەموولایەک پابەندی ئەو رێککەوتنەبن کە کراوە، تاوەکو ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان نەکرێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...142143144145146...956