11یەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەستیپێکرد و پارێزگاری شارەکەش دەڵێت: هەوڵ دەدەین فێستیڤاڵەکە بە نێودەوڵەتیی بکەین.

نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لە میانی دەستپێکی فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە رایگەیاند، ساڵانە چەندین بەرهەمی جۆراوجۆر بە هێز و توانای جوتیاران بەرهەمدەهێندرێت و لەو چوارچێوەیەشدا جوتیاران گرنگیان بە کێڵگە کشتوکاڵییەکان داوە و چەندین هەلی کاریان بۆ گەنجانی سنورەکە رەخساندووە.

وتیشی، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە هاوکاری بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ فەراهەم بکرێت و پلانی ئابوری گەشتیاریان بۆ رێکبخرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

نوخشە ناسح ئاماژەی بەوەشکرد، لەمساڵدا فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە هەنگاوێکی گەورە بەرەوپێشەوە دەنێت، ئەویش بە ئامانجی بەنێودەوڵەتییکردنی فێستیڤاڵەکە و راکێشانی سەرنجی گەشتیاران و کڕیارانی دەرەوە بۆ فێستیڤاڵەکە.

پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، هەنار و بەروبوومی فرێش و بەتامی هەڵەبجە سنوری کوردستان و عیراقی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە وڵاتانی دەرەوە، لەو سۆنگەیەوە دەیانەوێت بچنە ناو پڕۆژەی 'ئێس دی جی ئێس'ـی نەتەوەیەکگرتووەکان، کەئەوەش دەبێتە یەکەم فێستیڤاڵی سەوز لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق.

راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێم و عیراق هاوکاری جوتیاران ببن بۆ ئەوەی زیاتر پەرە کشتوكاڵ و بەرهەمەکانیان بدەن، هەروەها بتوانن زیاتر بەرەوپێش بچن.

 ئەمڕۆ 11هەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن.