بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عیراق کرد.

لە دیدارێکدا رەوشی گشتیی هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان لایەنەکان کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

پەیوەست بە هەڵبژاردن دووپات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە کە زامنی پاراستنی مافی هەمووان بکات و ببێتە مایەی بوژاندنەوەی زیاتری وڵات.

رەوشی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان کردەوە بە تایبەتی کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی و رایگەیاند، دەبێت رێز لە تایبەتمەندی رۆژئاوای کوردستان بگیرێت و لە چوارچێوەی دەستورێکی نوێدا مافی گەلەکەمان بپارێزرێت.