لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی وڵات دەکات تا بتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.

لەسەر فەرمانی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاردرا بە رێگەپێدان بەو خوێندکار و قوتابییانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.

بەپێی بڕیارەکە، خوێندکاران دەتوانن بۆ ماوەی (15) پازدە رۆژ، لە رێکەوتی 1ی تشرینی دووەمی 2025 تاوەکو 15ی تشرینی دووەمی2025 بگەڕێنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا رونیشیکردووەتەوە کە "ئەو ماوەیە بە ماوەی مانەوەی ئاسایی بۆ خوێندکاران هەژمار دەکرێت"، واتە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن و مانەوەیان لە دەرەوەی وڵات نابێت.

ئەم بڕیارە بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتێکی گونجاوە بۆ خوێندکاران تا بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بکەن، کە بڕیارە لە11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.