ئەمڕۆ 11هەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەڵاح جەمیل پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت گەشتیارێکی زۆر سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن و بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەناری هەڵەبجە ئاشنا ببن.

وتیشی، چەندین بەرهەمی ناوخۆیی و جوتیاران ئامادەکراوە و لە ماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵەکەدا پێشکەشی گەشتیاران و هاووڵاتیان دەکرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز، ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو چەندین چالاکی جۆراوجۆر و هونەری و فەرهەنگی بەڕێوەدەچێت.

هاوکات نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک چەند وێنەیەکی لە فێستیڤاڵەکە بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی؛ چاوەڕوانی گەشتیاران و هاووڵاتیانین.