سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی گەڕەکی شۆڕشی نوێی بەسەرکردەوە
راهۆز
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، سەردانی گەڕەکی شۆڕشی نوێی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکانی ئەو گەڕەکە.
گەڕەکی شۆڕشی نوێ بە یەکێک لە گەڕەکە نوێیەکانی شاری سلێمانی دادەنرێت و تیمەکانی شارەوانی دوای تەواوکردنی کاری تێکەڵەڕێژکردن، دەستیان بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی کردووە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەستی بە هەڵمەتێکی فراوانی خزمەتگوزاری کردووە کە چەندین گەڕەکی ناوشاری سلێمانی گرتووەتەوە.
لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی شارەوانی سوپاس و دەستخۆشیی لە تیمەکان کرد کە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی شەممە لە هەندێک لە دامەزراوەکان پشووی فەرمییە، بەڵام ئەوان دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەردەوامن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نزیکبوونەوە لە وەرزی بارانبارین، کارەکانی قیرتاوکردن، تێکەڵەڕێژکردن و کۆنکرێتکردن لە سەرجەم گەڕەکەکاندا چڕتر کراونەتەوە، بە ئامانجی گەیاندنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە هەموو ناوچەکانی شاری سلێمانی بەبێ جیاوازی.












