نەجمەدین ئەحمەد حەسەن، ناسراو بە مەلا نەجم لە ساڵی 1965 لە ناحیەی بالیسانی شەهیدان لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەروئاینی هاتۆتە دنیاوە،  لە ساڵی 1972 دوای ئەوەی باوكی كۆچی دوایی كرد لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەكی زانست پەروەر بووە هەر لە منداڵیەوە خراوەتە بەر خوێندنی ئاینی، بۆ خوێندن زۆربەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان گەڕاوە و لەساڵی 1984 خوێندنی ئاینی تەواو كردوەو ژیانی هاوسەری پێك هێناوە.

لە ساڵی 1985 شەهید مەلا نەجم بوو بە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی حوجران لە بناری سەفین، سەرەڕای ئەوەی كە شەهید لە لایەن دەزگا داپلوسێنەرەكانی رژێم هەمیشە لە ژێر چاودێریدابووە.

دوای ئەوەی رژێم دڕندایەتیەكەی گەیشتە لوتكەو دۆلی بالیسانی كیمیاباران كرد، شەهید پێیوابوو بواری ئەوە نەماوە تێكۆشەران لە ماڵ دانیشن و لە دژی رژێم چەك هەڵنەگرن, بۆیە لەگەل پۆلێك لە مامۆستایانی ئاینی دوای ڕاوەرگرتنی سەروو لە مانگی (5/1987) پەیوەندیان بە هێزی پێشمەرگەوە كردو هەر لە هەمان ساڵدا لە پاڵ پێشمەرگایەتی (یەكێتی زانایانی ئاینی ) یان دروست كردو توانیان لە ماوەیەكی كەمدا دەیان مامۆستای ئاینی لە ڕیزەكانی ئەم ڕیكخراوەدا كۆبكەنەوە. مەلا لەگەڵ كۆمەلێك لە هاورێیانی توانیان بارەگایەك لە بالیسان بكەنەوەو كە شەهید خۆی سەرپەرشتی بارەگاكەی دەكردو رۆژانە لە لایەن سەركردایەتیەوە لە گۆرانكارییەكان ئاگادار دەكرانەوە، لە دووبارە كیمیابارانكردنەوەی بالیسان و دەورو بەری لە بەرواری (31/7/1988) مەلاو هاوڕێیانی رۆلێكی قارەمانانەیان بینی لە رزگاركردنی بریندارەكان و رێنماییكردنیان بۆ رزگاربوون لەم كارەساتە .

 وە لە هێرشە بەدناوەكانی ئەنفالدا، شەهید مەلا نجم و هاوڕێیانی لەسەر چیای ئیرۆن رۆڵێكی وا دیار و بەرچاویان هەبوو كە جێ‌ی دڵخۆشیبوو هەم بۆ تیپەكانی ئەو كات و هەم بۆ هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی، هەروەها بەشداری شەڕەكانی كێل كێل، سەری جوانەگا، دۆڵی ئالانەی كرد و لە تۆپخانەی شۆرش دەوری بەرچاو و كاریگەری بینی.

لە راپەرینە مەزنەكەی ئازاری 1991 دا مەلا نەجم وەك فەرماندە بەشداری راپەرینی كرد لە رۆژانی دەستپێكردنی و لە شەرەكانی دۆڵی هیران و گرتنی شەقڵاوەدا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو، دواتریش لە بەرەنگاری هیرشی دوژمن و داستانی (دەربەندی كۆڕێ‌) رۆلێكی بەرچاوی هەبوو، شەهید لە ساڵی 1991 لە لایەن مەكتەبی سیاسیەوە راسپێردرا بە دروستكردنی كۆمیتەی رێكخستنی شەقڵاوەو خۆشی بو بە لێپرسراوی كۆمیتە.

سالی 1992 شەهید مەلا نەجم بەشداری یەكەمین كۆنفرانسی یەكێتی كردوو هەر لە هەمان ساڵدا خولی یەكەمی پەیمانگای كادیرانی لە هەولێر تەواو كردووە.

ساڵی 1993، شەهید كرا بە كارگێری مەڵبەندی (6) ی سۆران و لێپرسراوی عەسكەری سنوری مەڵبەند و لە سالی 1995، شەهید كرا بە لێپرسراوی میحوەری هیران و هەر لە هەمان ساڵدا دوای دروستكردنی لەشكرەكان شەهید بوو بە لێپرسراوی لەشكری (17) حەڤدەی هەورێ‌ ی بالیسان و لە بەر لێهاتووی و قارەمانیتی شەهید لەشكری (17) ی هەورێ‌ بوو بە یەكێك لە لەشكرە بەرچاوەكانی یەكێتی.

بەرەبەیانی رۆژی (30/10/1997) دوای تۆماركردنی گەورەترین داستانی سەروەری لە گۆڕبەشیلانی بەنی هەریر بۆ دواجار ماڵئاوایی لە هاورێ‌ و هاوسەنگەرانی كرد.