بافڵ تاڵەبانی: هەوڵەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی یەکخستنی لایەنەکان و یەکڕیزی نیشتمانیدا دەبێت
محەمەد رزگار
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بەشداربوون ، جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوامی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی پەرۆشی خەڵک و پێویستییەکانیان بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پاراستنی مافە دەستوری و یاساییەکان کرایەوە، بەشێوەیەک ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستخۆشی و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەربڕی و رایگەیاند، هەوڵەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی یەکخستنی لایەنەکان و یەکڕیزی نیشتمانیدا دەبێت و کاردەکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.



