بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی: ئەو هێزانەمان کشاندەوە بۆ ناوچەی گونجاو کە لە زاپ بوون و مەترسی شەڕیان لەسەر بوو
بڵند
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
تەڤگەری ئازادیی کە دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی "پەکەکە" دروست بوون، رایگەیاندوە؛ لە 16ـی تشرینی دووەمی، کە دەکاتە دوێنێ ئەو هێزانەیان، کە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو کشاندوەتەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان، ئاماژەیان بەوەشکردوە ، باوەڕیان وایە ئەم هەنگاوەیان هاوکاریی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا دەکات.
تەڤگەری ئازادیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ لە 26ـی تشرینی یەکەم کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا رایانگەیاند 25 گەریلایان لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، و لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر.
ئاماژەیان بەوەشکردوە لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ و لە ئێوارەی دوێنێوە 16ـی تشرینی دووەم، هێزەکانیان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان و لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.
تەڤگەری ئازادی دەشڵێت؛ دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلایان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئەوان بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات.
جەختیشیان کردوەتەوە؛ لەو بڕوایەدان کە ئەم هەنگاوە نوێیەیان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.



