کێشەی بەشێکی زۆری فیدەرەکانی کارەبای سلێمانی چارەسەرکرا
محەمەد رزگار
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئاشکرایکرد، ئەو فیدەرانەی لە سنوری پارێزگاکە بەهۆی باران بارینەوە کێشەیان بۆ دروستببوو، کێشەکانیان چارەسەرکرا و لە ئێستادا رەوشی کارەبا ئاسایی بوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی بارانبارین و دروست بوونی شۆرتی کارەبا لەسەر ژمارەیەک لە فیدەرەکانی کارەبای ناو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی ، تیمی هۆبەکانی چاکسازیی کارەبا دەستیان کرد بە چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە زۆربەی کێشەکان چارەسەر کران و کارەبایان بۆ گەڕایەوە و کارکردنیش بەردەوامە تا بەتەواوی هەموو کێشەکان چارەسەر دەکەن .
کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، دەستخۆشی لەسەرجەم تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبا و گواستنەوەی کارەبای بەڕێوەبەرەکانی دابەشکردنی کارەبای و لێپرسراو و کارمەندانی هۆبەکانی چاکسازیی کارەبا دەکات، کە لە بەیانییەوە بەردەوام سەقاڵی کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی کارەبا بۆ هاووڵاتیان.



