کۆمپانیای "کالبی" بۆ سووکە ژەمەکان (سناکس)، گۆڕانکارییەکی کاتی لە دیزاینی بەرگی بەرهەمەکانیدا راگەیاند و بڕیاریدا پەنا بباتە بەر رەنگی رەش و سپی.
ئەم هەنگاوە وەک رەنگدانەوەیەک دێت بۆ لێکەوتەکانی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن کە پەیوەستە بە هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" لە زاری کۆمپانیاکەوە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە: بڕیارەکە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە دابینکردنی هەندێک کەرەستەی خاو هاتووە کە بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەر بوون"، بەبێ ئەوەی وردەکاری ورد دەربارەی جۆری ئەو کەرەستانە یان قەبارەی کورتهێنانەکە بخاتە روو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە گۆڕانکارییەکە 14 بەرهەمی جیاواز دەگرێتەوە، ولە رڕێکەوتی 25ی ئایارەوە دەست پێدەکات.

ئەم رێکارە تەنها پەیوەندی بە شێوازی بەستەبەندی هەیە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کوالێتی یان تایبەتمەندییە خۆراکییەکانی بەرهەمەکە نابێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە بازاڕی فرۆشتنی ژاپۆندا وەک روداوێکی دەگمەن سەیر دەکرێت، چونکە کۆمپانیاکانی خۆراک بەزۆری پشت بە رەنگە گەشەکان دەبەستن وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ مارکێتینگ و جیاکردنەوەی تامە جیاوازەکان لەلایەن کڕیارەوە.
 چاوەڕوان دەکرێت دیزاینە نوێیەکە وا لە بەکاربەران بکات زیاتر پشت بە دەق و نیشانە نووسراوەکان ببەستن نەک رەنگە ئاشناکان.

لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیاکە جۆری ئەو کەرەستە خاوەی دیاری نەکردووە کە کورتی هێناوە، بەڵام وتەبێژێکی حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند کە حکومەت "هیچ ڕاپۆرتێکی دەربارەی پچڕانی دەستبەجێ لە دابینکردنی مرەکەبی چاپکردن یان ماددەی نافتادا پێنەگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆگاکانی ناوخۆ هێشتا لە ئاستێکی جێگیردایە.

ماددەی نافتا (Naphtha) کە یەکێکە لە مشتقاتەکانی نەوت، توخمێکی سەرەکییە لە هەندێک قۆناغی بەرهەمهێنانی مرەکەبی چاپکردندا. ئەمەش پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان کەرتی بەستەبەندی پیشەسازی و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەی جیهانیدا دروست دەکات.

بڕیارەکەی کۆمپانیای "کالبی" لە کاتێکدایە کە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان کردووەتە سەر جووڵەی کەشتیگەلەکان و تێچووی گواستنەوە، ئەمەش دەریدەخات چۆن ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە ناوچە ستراتیژییەکاندا کاریگەرییان دەگاتە کەرتە بەکاربەرییەکان لە شوێنە دوورەکانی وەک ئاسیا.